کارنامەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

لەگەڵ بەردەوامی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بەتایبەتتر لە دۆسیەی مافە دەستوورییەکاندا، شایستە داراییەکان، لایەنە سیاسییە جیاوازەکان کارنامە و دیدگای خۆیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە دەخەنەڕوو.

لەم چوارچێوەیەشدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە گرنگیی بەغداد وەک سەنتەرێکی ستراتیجی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکاتەوە، بەپێی کارنامەی ئەم حزبە، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغداد لە چوارچێوەی دەستووردا، تاکە رێگەیە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

کارنامەکە لەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکی بونیادنراوە، لەوانە، چارەسەرکردنی ریشەیی پرسی مووچەی مووچەخۆران، جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکان، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە ئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، ئەم تێڕوانینە، کرۆکی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی پێکدەهێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگە ئیداریی و داراییانەی کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت.

یەکەم: بواری دیپلۆماسی و سیاسی

لەسەر ئاستی سیاسی و دیبلۆماسی، کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە ئەوە دەکاتەوە کە گرفت و تەنگەژە سیاسییە ناوخۆییەکان و سیاسەتی تاکلایەنە، زیانی بە پێگەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و بووەتە هۆی ئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران بکەوێتە ژێر کاریگەریی ململانێ سیاسییەکانەوە.

بەپێی کارنامەکە، یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، چەند خاڵێک وەک دەستکەوت و ستراتیجی خۆی دەخاتەڕوو:

  • چارەسەرکردنی پرسی مووچە: کارنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕێگەی گفتوگۆی راستەوخۆ و سەردانە بەردەوامەکان بۆ بەغداد، زەمینەسازی بۆ لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کراوە، کە بووە هۆی رێککەوتن لەسەر خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و کرانەوەی دەرگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە.
  • هاوسەنگیی سیاسی لەناوخۆی هەرێم: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵی خۆی لە دروستکردنی هاوسەنگیی سیاسی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەرزدەنرخێنێت، بەجۆرێک کە رێگری لەوە کردووە هیچ لایەنێک زۆرینەی رەها بەدەستبهێنێت، ئەمەش وەک گەرەنتییەک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان و خزمەتگوزار دەبینێت.
  • دۆخی کەرکوک: کارنامەکە ئاماژە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک، کە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ گێڕانەوەی رۆڵی کورد لە شارەکە و برەودان بە بنەماکانی پێکەوەژیان و خزمەتکردنی دانیشتووانەکەی.
  • یاسای هەڵبژاردن و مافی پێکهاتەکان: یەکێتی جەخت لەسەر رۆڵی خۆی دەکاتەوە لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بەتایبەت لە مسۆگەرکردنی مافی نوێنەرایەتیی راستەقینە بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان، تاوەکو خۆیان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.
  • بە پارێزگابوونی هەڵەبجە: کارنامەکە بە فەرمی ناساندنی هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق، بە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لە بەغداد لە قەڵەمدەدات.
  • پەیوەندییە دەرەکییەکان: کارنامەکە سیاسەتی یەکێتی لەسەر بنەمای “هاوسەنگی” و “دروستکردنی پەیوەندیی دۆستانە” لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراق، وڵاتانی دراوسێ و جیهان دادەڕێژێت، هەروەها خۆبەدوورگرتن لە جەمسەربەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە بنەمای کارکردنی دەزانێت.
  • نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان: کارنامەکە داوای رەچاوکردنی بەشداریی پێکهاتە جیاوازەکان دەکات لە نوێنەرایەتیکردنی عێراق لە ئاستی دیپلۆماسی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.

دووەم: پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد

لە چوارچێوەی کارنامەی هەڵبژاردنیدا بۆ پەرلەمانی عێراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیدگای خۆی بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی داهاتووی فیدراڵی و یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان دەخاتەڕوو، کارنامەکە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی بۆ ئەم قۆناغە بونیادنراوە:

  • چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان: کارنامەکە جەخت لەسەر چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان دەکاتەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەسەر بنەمای دەستوور، سازانی نیشتمانی و بەرژەوەندی هاوبەش، ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی پرسی مووچە و بژێوی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە.
  • پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش: یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان، بەشداریکردنە لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی عێراق کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە بنەما وەربگرێت، هەروەها، بانگەشە بۆ یەکخستنی هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان دەکات لە بەغداد، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی سەرجەم مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.
  • پتەوکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان: کارنامەکە گرنگی بە بونیادنانەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان دەدات لەگەڵ بەغداد و وڵاتانی دراوسێ، بە ئامانجی پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان، هاوکات جەخت لەسەر دوورکەوتنەوە لەوە دەکاتەوە کە خاکی هەرێم ببێتە گۆڕەپانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق بە گشتی.

سێیەم: پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد

تەوەری سێیەمی کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تەرخانکراوە بۆ داڕشتنەوەی سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئامانج لەمە، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و دوورخستنەوەیانە لە کاریگەریی ململانێی سیاسی. کارنامەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت:

  • جێبەجێکردنی دەستوور: کارکردن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەو ماددە دەستوورییانەی کە پەیوەستن بە مافەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
  • بەردەوامیی گفتوگۆ؛ درێژەدان بە دیالۆگی جددی و بونیادنەر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکان، وەک: پرسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی، و دۆسیەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگری عێراق.
  • هاوبەشیی راستەقینە لە بڕیاردا: داکۆکیکردن لەسەر جێبەجێکردنی پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا، لەوانەش وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییەکان، دەزگا ئەمنییەکان، و نوێنەرایەتی دیپلۆماسیی عێراق لە دەرەوە.
  • یاسای نەوت و گاز: هەوڵدان بۆ دەرچوواندنی یاسایەکی هاوبەشی نەوت و گاز کە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبەرچاو بگرێت و ببێتە هۆی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ ئەم دۆسیەیە.

چوارەم: پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق

کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی پێگە گرنگە جیۆپۆلەتیکەکەی عێراق لە ناوچەکەدا، جەخت لەسەر پێویستیی داڕشتنی ستراتیجێکی نیشتمانی دەکاتەوە بۆ سیاسەتی دەرەوە، ئامانجی ئەم ستراتیجە، دوورخستنەوەی عێراقە لەوەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

گرنگترین ئەو بنەمایانەی کە لە کارنامەکەدا بۆ سیاسەتی دەرەوەی عێراق خراونەتەڕوو، بریتین لە:

  • داڕشتنی سیاسەتێکی هاوسەنگ: پێویستە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بەهێزکردنی پەیوەندیی هاوبەش و هاوسەنگ بێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتان، لەگەڵ رەتکردنەوەی هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆییدا.
  • بێلایەنی لە ململانێکاندا: کارنامەکە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە عێراق وەک دەوڵەتێکی بێلایەن بمێنێتەوە و نەبێتە بەشێک لە کێشە و جەمسەربەندییە ناوچەییەکان، بەپێی کارنامەکە، عێراقێکی بەهێز و خاوەن پێگە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیشدایە.
  • چالاککردنی دیپلۆماسیی ئابووری: گرنگیدان بە دیپلۆماسیی ئابوریی بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و بەشداریکردنی کارای عێراق لە بازاڕی جیهانیدا.
  • بەهێزکردنی پەیوەندییەکان: پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندی هاوبەش.
  • رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: کاراکردنی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاودێریکردنی سیاسەتی دەرەوە و ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی کە عێراق ئەنجامیاندەدات.

پێنجەم: ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری قوربانیان و تێکۆشەران

کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەخت لەسەر پێویستیی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە دێرینەکان دەکاتەوە، لەم کارنامەیەدا، قوربانیدانی ئەم توێژانە بە بنەمای دەستکەوتە سیاسییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

بۆ ئەم مەبەستە، کارنامەی پەرلەمانیی یەکێتی چەند بەڵێن و خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە ئامانج لێی باشترکردنی گوزەرانی ئەم توێژانەیە:

  • هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازات: کارکردن بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم، لەگەڵ ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ بە کەسوکاری شەهیدان دەدرێت.
  • مافی زیندانیانی سیاسی: هاوتاکردنی مووچە، ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە عێراقدا.
  • پشتیوانیی کۆمەڵایەتی: پێشکەشکردنی هاوکاریی ماددی بە کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان، تێکۆشەران، کەمئەندامانی سەنگەر و نەوەکانیان، لە بوارەکانی خوێندن و پرۆسەی هاوسەرگیریدا.
  • هەلی کار: پێدانی ئەولەویەت بە کەسوکار و نەوەکانیان لە دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا.
  • خزمەتگوزاریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی: دابینکردنی خزمەتگوزاریی تایبەتی چاودێریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی بۆیان.
  • چارەسەری پزیشکی: دابینکردنی چارەسەری پزیشکی بەبێ بەرامبەر لە نەخۆشخانە حکومییەکان بۆ پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر، هەروەها هاوکاریکردنیان لە کاتی وەرگرتنی چارەسەر لە کەرتی تایبەت یان لە دەرەوەی وڵات.
  • گۆڕە بەکۆمەڵەکان: : بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، گەڕاندنەوەی روفاتی قوربانیان، و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاریان.

شەشەم: کەرتی کارگێڕی و ئابووری

تەوەرەی شەشەمی کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر کەرتی کارگێڕی و ئابووری، بە ئامانجی نەهێشتنی ڕۆتینی ئیداری، جیاکاری لەنێوان ناوچە جیاوازەکان و بە دامەزراوەییکردنی حکومڕانی. کارنامەکە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا چڕ دەبێتەوە:

لە بواری کارگێڕیدا:

  • دادپەروەری و یەکسانی: دابینکردنی یەکسانی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکان، دوور لە جیاکاریی سیاسی و حیزبی، و لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتیبوون.
  • ئاسانکاریی ئیداری: نەهێشتنی ڕۆتین و ئاسانکاری بۆ کاروباری هاووڵاتییان لە ڕێگەی کاراکردنی “سیستمی یەک پەنجەرە” و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی.
  • سەربەخۆیی دادگاکان: جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دوورخستنەوەی لە دەستێوەردانی حیزبی.
  • لامەرکەزیی ئیداری: پەیڕەوکردنی سیستمی لامەرکەزیی ئیداری وەک ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەخشینی دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگا و ئیدارە خۆجێیەکان.

لە بواری دارایی و ئابووریدا:

  • شەفافیەت لە داهات: کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی قاچاخچێتی نەوت و شەفافکردنی تەواوی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم.
  • ڕێکخستنەوەی باج: داڕشتنەوەی سیستمی باج و ڕسومات بە شێوەیەک کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرێت.
  • ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد: هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و مسۆگەرکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان.
  • خزمەتکردنی توێژەکان: لەپێشینەدان بە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان، کەمئەندامان، پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی لە سەرجەم بوارەکاندا.

حەوتەم: ناوچە جێناکۆکەکان و ماددەی (140)

کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرسی ناوچە جێناکۆکەکان (کە بە ناوچە دابڕێندراوەکان ناویان دەبات) و جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق، بە پرسێکی ستراتیژی و نیشتمانیی باڵا دادەنێت. کارنامەکە جەخت لەسەر بەردەوامبوون لە هەوڵەکان دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە ڕێگەی میکانیزمە دەستوورییەکانەوە.

گرنگترین ئەو خاڵانەی کە لەم تەوەرەیەدا خراونەتەڕوو بریتین لە:

  • جێبەجێکردنی ماددەی (140): چڕکردنەوەی هەوڵە دیبلۆماسی و سیاسییەکان بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی ماددەی (140)ی دەستوور، کە بریتین لە ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و ڕاپرسی، وەک چارەسەرێکی دەستووری بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەم ناوچانە.
  • خزمەتگوزاری و پێکەوەژیان: دوای دانانی پارێزگار لە کەرکوک، کارنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاڕاستەی کارکردن بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە شێوەیەکی یەکسان بە سەرجەم دانیشتووانی ناوچەکە بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی، و چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان.
  • پاراستنی مافی خاوەندارێتی: بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زاری جووتیارانی کورد و پاراستنی مافی خاوەندارێتییان لە کەرکوک و سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی.
  • پشتگیریی کولتووری: بەردەوامبوون لە هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی دەزگا ڕۆشنبیری، هونەری و وەرزشییە کوردییەکان، هەروەها پاراستن و پەرەپێدانی پرۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی لەم ناوچانەدا.

هەشتەم: ئازادیی ڕۆژنامەوانی

کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گرنگییەکی تایبەت بە بواری ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی دەدات و بە پێویستی دەزانێت کە میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم ڕۆڵی کارای خۆی ببینێت و ڕەخنە وەک بنەمایەک بۆ پێشکەوتن و چاکسازی سەیر بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، کارنامەکە چەند خاڵێک بۆ پاراستن و پەرەپێدانی کاری ڕۆژنامەوانی دەخاتەڕوو:

  • بەرزکردنەوەی توانای ڕۆژنامەنووسان: کارکردن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی خوول و ڕاهێنانی پیشەیی بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەبێ جیاوازی لەنێوان ڕۆژنامەنووسی حیزبی و سەربەخۆ.
  • پاراستنی ڕۆژنامەنووسان: دروستکردنی هێڵێکی گەرم (Hotline)ی تایبەت، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بتوانن لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشە و پێشێلکارییەک، پەیوەندی پێوە بکەن.
  • ماف و ئیمتیازات: هەوڵدان لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە بە ڕۆژنامەنووسانی عێراق دەدرێت، وەک پێدانی زەوی و قەرزی بانکی.
  • پشتگیریکردنی ڕۆژنامەوانیی ئازاد: دابینکردنی پشتیوانی بۆ ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ (freelance) تا بتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە کارەکانیان ئەنجام بدەن.
  • پاراستنی یاسایی: جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، بەجۆرێک کە سزادان وەک دوا ڕێکار سەیر بکرێت، وەک ئاماژەیەک بەو هەوڵانەی پێشووتر کە بۆ دامەزراندنی یەکەی تایبەت لەناو دادگاکاندا دراون بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی گیانی ڕۆژنامەنووسان.

نۆیەم: گەنجان و ژنان

کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەنجان و ژنان بە هێزی سەرەکیی گۆڕانکاری دادەنێت و جەخت لەسەر پێویستیی بەشداریکردنی کارایان دەکاتەوە لە بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا. بۆ ئەم مەبەستە، کارنامەکە چەندین خاڵ و پڕۆژەی دیاریکراوی لەخۆگرتووە کە ئاڕاستەی ئەم دوو توێژە کراون:

لە بواری خوێندن و پەرەپێدانی توانا:

  • کەمکردنەوەی تێچووی خوێندن: هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە کۆلێژ و پەیمانگە ئەهلییەکان، بەراورد بەو ستانداردەی لە باقی شارەکانی عێراقدا پەیڕەو دەکرێت.
  • دەرفەتی خوێندنی نێودەوڵەتی: ئاسانکاریکردن بۆ گەنجان تا بتوانن دەستیان بە زانکۆ نێودەوڵەتییەکان بگات و دابینکردنی هەلی خوێندن (سکۆلەرشیپ) لە دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی دامەزراوە فیدراڵییەکانەوە.
  • بەشداری لە بۆنە نێودەوڵەتییەکان: ڕەخساندنی هەل بۆ گەنجانی هەرێم تا ساڵانە بەشداری بکەن لەو فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییانەی کە لە عێراق ئەنجام دەدرێن، یان وەک نوێنەری عێراق بەشداری بکەن.

لە بواری کار و ئابووری:

  • پشتگیریکردنی پڕۆژەی بچووک: درێژەدان بە پڕۆژەکانی “ستارتاپ” کە تایبەتن بە گەنجان، لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لەو بودجەیەی کە حکومەتی عێراق ساڵانە بۆ پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان تەرخانی دەکات.
  • دروستکردنی بازاڕی کاری دیجیتاڵی: هەوڵدان بۆ دامەزراندنی پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵی بۆ بازاڕی کار، کە ببێتە پردێکی پەیوەندی لەنێوان گەنجانی کوردستان و بازاڕی کاری شارەکانی دیکەی عێراق و دەرەوە.
  • دابینکردنی شوێنی کاری هاوبەش: کارکردن لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ دروستکردنی شوێنی کاری هاوبەش (Co-working Spaces) بۆ گەنجانی بواری پرۆگرامسازی و دیزاین لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بواری بەشداریی سیاسی و حکومی:

  • بەشداریی کارا: ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان و ژنان تا بەشدارییەکی کارایان لە ژیانی سیاسیدا هەبێت و متمانەیان پێبدرێت بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی حیزبی و حکومی.

دەیەم: دیدگا بۆ حوکمڕانی

تەوەرەی کۆتایی کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیدگای گشتیی خۆی بۆ چۆنیەتیی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراقدا دەخاتەڕوو. کارنامەکە جەخت لەسەر بنیاتنانی مۆدێلێکی “حوکمڕانیی دروست” (الحكم الرشید) دەکاتەوە، کە تێیدا حکومەت خزمەتگوزار بێت و هاووڵاتی سەنتەری سەرەکیی بایەخپێدان بێت.

ئەم دیدگایە لەسەر چەند بنەمایەکی سەرەکی وەستاوە:

  • حکومەتی گشتگیر و خزمەتگوزار: پێویستە حوکمڕانی نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بکات و مافی کەمینەکانی تێدا پارێزراو بێت. دەبێت ئامانجی سەرەکی، دابینکردنی ژیانێکی یەکسان و شایستە بێت بۆ هەموو هاووڵاتییان.
  • چارەسەری دەستووری بۆ کێشەکان: کارنامەکە داوا دەکات کە پرسە هەستیارەکان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن و لە ململانێی سیاسی دووربخرێنەوە. گرنگترینیان بریتین لە:
    • مووچە: دەبێت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر بکرێت و ببێتە پرۆسەیەکی ڕۆتینی، هاوشێوەی باقی پارێزگاکانی عێراق.
    • مافەکان: پێویستە پرسی دامەزراندن، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، هاوتاکردنی مووچە و مافەکانی زیندانیانی سیاسی، هەروەها پشکی پارێزگاکان، هەمووی لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا یەکلایی بکرێنەوە.
    • قوربانیان: دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ قوربانیانی کیمیاباران، جینۆسایدی ئێزدییەکان و شەهیدانی دەستی تیرۆر.
  • داڕشتنەوەی سیاسەتی نەوت و گاز: کارنامەکە پێشنیازی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نوێ دەکات بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت و گاز، لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی فیدراڵی کە پشت بە دەستوور ببەستێت. ئامانج ئەوەیە کە داهاتی ئەم سامانە سروشتییە بۆ خۆشگوزەرانیی هەموو عێراقییەکان بەکاربهێنرێت.
  • هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات: جەخت لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوە لە “ئابووریی ڕەیعی” ( پشت بەستوو بە داهاتی نەوت) دەکرێتەوە. لە بەرامبەردا، پێشنیازی بنیاتنانی سیستمێکی ئابووریی هاوچەرخ دەکرێت کە پشتی بە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو بەستبێت، بەو پێیەی خاکی عێراق و کوردستان خاوەنی پیت و توانایەکی گەورەیە لەم بوارانەدا.

کەرتی تەندروستی

لە کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کەرتی تەندروستی وەک یەکێک لە کەرتە ژیانییەکان سەیر دەکرێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، پلانی چاکسازی لەم کەرتەدا لەسەر ئەم بنەمایانە داڕێژراوە:

  • چاکسازیی ڕیشەیی: بانگەشە بۆ ئەنجامدانی چاکسازییەکی گشتگیر و ڕیشەیی دەکرێت لە سیستمی تەندروستیدا، کە پشت بە بنەما زانستییەکان و یاسای تایبەتمەند ببەستێت.
  • پاراستنی مافی نەخۆش: جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانی نەخۆش، دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست بە کەمترین تێچوو، و ڕێکخستنەوەی کاری نۆرینگە تایبەتەکان دەکرێتەوە.
  • گرنگیدان بە کەرتی گشتی: کارنامەکە بایەخێکی تایبەت بە بەهێزکردن و چاکسازی لە کەرتی تەندروستیی گشتیدا (حکومی) دەدات. ئامانج لەمە ئەوەیە کە هاووڵاتییان ناچار نەبن پەنا بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان ببەن، یان بۆ وەرگرتنی چارەسەر و ئەنجامدانی پشکنین ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکەن.

کەرتی تەندروستی

لە کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کەرتی تەندروستی وەک یەکێک لە کەرتە ژیانییەکان سەیر دەکرێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، پلانی چاکسازی لەم کەرتەدا لەسەر ئەم بنەمایانە داڕێژراوە:

  • چاکسازیی ڕیشەیی: بانگەشە بۆ ئەنجامدانی چاکسازییەکی گشتگیر و ڕیشەیی دەکرێت لە سیستمی تەندروستیدا، کە پشت بە بنەما زانستییەکان و یاسای تایبەتمەند ببەستێت.
  • پاراستنی مافی نەخۆش: جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانی نەخۆش، دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست بە کەمترین تێچوو، و ڕێکخستنەوەی کاری نۆرینگە تایبەتەکان دەکرێتەوە.
  • گرنگیدان بە کەرتی گشتی: کارنامەکە بایەخێکی تایبەت بە بەهێزکردن و چاکسازی لە کەرتی تەندروستیی گشتیدا (حکومی) دەدات. ئامانج لەمە ئەوەیە کە هاووڵاتییان ناچار نەبن پەنا بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان ببەن، یان بۆ وەرگرتنی چارەسەر و ئەنجامدانی پشکنین ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکەن.
  • دامەزراندنی دەرچووانی پزیشکی: دانانی پلانێکی گونجاو بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگە پزیشکییەکان، بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە ڕووی کارمەندی پزیشکییەوە لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی شار، شارۆچکە و گوندەکاندا هەیە.
  • خۆپارێزی و هۆشیاریی تەندروستی: دانانی بەرنامەی تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستیی هاووڵاتییان، بەتایبەت لە بوارەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشییە گوازراوەکان، خۆراکی تەندروست و گرنگیدان بە پاکوخاوێنی.
  • کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان: زیادکردن و بەهێزکردنی تیمەکانی کوالێتی کۆنترۆڵ، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هێنانی دەرمانی قاچاخ و بێ کوالێتی.
  • پەرەپێدانی زانستی: پێشنیازی ئەنجامدانی کۆنفرانسی تەندروستیی ساڵانە دەکرێت لە پارێزگاکانی هەرێم، وەک ڕێگەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و پێشخستنی کەرتی تەندروستی.
  • هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد: دانانی بەرنامەیەکی ورد و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدراڵ، بە تایبەت بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە.

کەرتی کشتوکاڵ، ئاودێری و ئاژەڵداری

کارنامەکە گرنگییەکی ستراتیژی بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەدات، بە ئامانجی ئەوەی بکرێتە جێگرەوەیەکی سەرەکی بۆ کەرتی نەوت و ببێتە بنەمایەک بۆ گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک و هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی. پلانەکە لە چەند تەوەرێکدا چڕ دەبێتەوە:

یەکەم: پشتگیریکردنی جووتیاران و بەرهەمهێنان

  • دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان بۆ جووتیاران و هاندانیان بۆ گەڕانەوە بۆ گوندەکان.
  • پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بە جووتیاران بۆ بووژاندنەوەی پڕۆژەکانیان.
  • بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و شارەزایی جووتیاران لە ڕێگەی ڕێنمایی و پەیڕەوکردنی شێوازی نوێی کشتوکاڵکردنەوە.
  • گرنگیدانی تایبەت بە کەرتی هەنگەوانی و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

دووەم: ژێرخان و گەشەپێدانی بازاڕ

  • گرنگیدان بە سیستمی بە بازاڕکردن (Marketing) بۆ بەرهەمی خۆماڵی و سنووردارکردنی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی لەناوخۆدا هەن.
  • هاندانی کەرتی تایبەت بۆ دروستکردنی کارگەی تایبەت بە بەرهەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەکان.
  • دروستکردنی کۆگای ساردکەرەوە (براد)، عەلوەی هاوچەرخ و سایلۆ لە ناوچە کشتوکاڵییەکاندا.
  • کەمکردنەوەی باج لەسەر عەلوەکان بۆ ئاسانکاری بۆ جووتیاران و فرۆشیاران.

سێیەم: بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و زەوی

  • ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی زەویی کشتوukaڵی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون و پاراستنی خاک.
  • چارەسەرکردنی کێشەی خاوەندارێتی زەوی و باخەکان بە شێوەیەکی یاسایی.
  • گرنگیدانی زیاتر بە بەنداوەکانی (دوکان، دەربەندیخان، دهۆک) و دروستکردنی بەنداوی نوێ بۆ گلدانەوەی ئاو، ئاودێری و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا.

چوارەم: بواری ژینگە و کولتوور

  • دانانی پلان بۆ پاراستنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان.
  • سازکردنی فیستیڤاڵی ساڵانە بۆ ناساندن و خستنەڕووی بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان.

کەرتی گەشتوگوزار

کارنامەکە کەرتی گەشتوگوزار بە سێکتەرێکی گرنگی ئابووری و پردێکی پەیوەندیی کولتووری دادەنێت، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵکەوتەی جوگرافی و مێژوویی هەرێمی کوردستان. پلانەکە ئامانجی ئەوەیە کە گەشتوگوزار ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات و هاندەرێک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، بەتایبەت لە ڕێگەی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

بەرنامەی کارکردن لەم کەرتەدا چەند تەوەرێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت:

ناساندن و بە بازاڕکردن: داڕشتنی پلانێک بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگ، لە ڕێگەی تیشک خستنە سەر شوێنە سروشتییە دڵڕفێنەکان، سەیرانگا، شوێنەوارە مێژووییەکان (وەک قەڵا و ئەشکەوتەکان)، و پەرستگا ئایینییەکان، بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران.

پەرەپێدانی ژێرخان و وەبەرهێنان:

هاندانی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت لە کەرتی گەشتوگوزاردا کار بکەن.

دروستکردنی ژێرخانی پێویست وەک هۆتێلی پێشکەوتوو، یاریگا، هۆڵی وەرزشی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە ناوچە گەشتیارییەکاندا.

هەمەجۆرکردنی چالاکییەکان:

گرنگیدان بە گەشتیاریی وەرزشی، وەک شاخەوانی، مەلەوانی و وەرزشەکانی دیکە.

سازکردنی چالاکیی هونەری، کۆنسێرت و فیستیڤاڵی جۆراوجۆر بۆ زیادکردنی جووڵەی گەشتیاری.

بەرزکردنەوەی کوالێتیی خزمەتگوزاری:

داڕشتنی پلانێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گەشتیاری لەناو هاووڵاتییان و خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان، بە مەبەستی پێشوازیکردنێکی باشتر لە گەشتیاران.

دانانی پلانێکی هاوبەش لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشەکانی گەشتوگوزار لە دامەزراوە گەشتیارییەکاندا.

کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا

کارنامەکە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە کۆڵەکەی سەرەکیی بنیاتنانی وڵات دادەنێت و جەخت لەسەر پێویستیی پەیڕەوکردنی سیستمێکی پەروەردەیی مۆدێرن دەکاتەوە کە لەگەڵ گەشەپێدانی بەردەوام و پێداویستییەکانی بازاڕی کاری سەردەمدا بگونجێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، چەند خاڵێکی سەرەکی خراونەتەڕوو:

  • دابینکردنی بودجەی پێویست: کارکردن بۆ زیادکردنی پشکی کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی مووچەی مامۆستایان، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پرۆسەی خوێندن.
  • نوێکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن: پشتیوانیکردن لە پڕۆسەی نوێکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن لەسەر ئاستی عێراق، بە جۆرێک کە جەخت لەسەر پەرەپێدانی بیری ڕەخنەگرانە، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و گەشەپێدانی توانا زانستییەکان بکاتەوە. هاوکات، دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی هەلی خوێندنی یەکسان بۆ هەموو ناوچەکان، بەتایبەت ناوچە کەمئەندامەکان و ناوچە جێناکۆکەکان.
  • سەربەخۆیی زانکۆکان: جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی (ئۆتۆنۆمی) زانکۆکان و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی. هەروەها، کارکردن بۆ بەستنەوەی خوێندنی باڵا بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە.
  • پاراستنی زمانی دایک: هەوڵدان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکان (وەک کورد، تورکمان و سریان) لە چوارچێوەی دەستووردا.
  • ڕێگری لە دەستێوەردان: ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری زانکۆ و پەیمانگاکان کە ببێتە هۆی پەکخستنی پرۆسەی زانستی و خوێندن.

کەرتی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا

کارنامەکە جەخت لەسەر پێویستیی داڕشتنی سیاسەتێکی نیشتمانیی گشتگیر دەکاتەوە، بە ئامانجی پاراستنی ژینگە، ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی سەرچاوەکانی وزەی پاک (سەوز). بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە، ئەم خاڵانە خراونەتەڕوو:

  • چوارچێوەی یاسایی: کارکردن لەسەر ئاستی فیدراڵی بۆ دەرکردن و هەموارکردنەوەی ئەو یاسا ژینگەییانەی کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێن.
  • پڕۆژەی سەوزکردن: پشتیوانیکردن لە پڕۆژە نیشتمانییە گەورەکانی دارستانکردن و سەوزکردن، بەتایبەتی لەو ناوچە بیابانییانەی عێراق کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر کەشوهەوای هەرێمی کوردستانیش هەیە.
  • پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە:
    • هاندانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزەی خۆر و با.
    • دابینکردنی پاڵپشتیی یاسایی و دارایی بۆ ئەو پڕۆژانەی کە تایبەتن بە وزەی نوێبووەوە.
  • دابینکردنی بودجە: کارکردن بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست لە بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
  • هۆشیاریی ژینگەیی: پەرەپێدانی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی لەناو کۆمەڵگەدا، لە ڕێگەی پڕۆگرامەکانی خوێندن و ئەنجامدانی کەمپینی نیشتمانییەوە.

مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی

کارنامەکە جەخت لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی یان بیروباوەڕ. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، ئەم خاڵانە خراونەتەڕوو:

  • پاراستنی مافەکان و بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری: کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ و مافی پێکهاتە و کەمینەکان دەکەن، و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرێکی هەڵاواردن و جیاکاری.
  • سەروەریی یاسا و شەفافیەت:
    • پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دڵنیابوونەوە لە دادپەروەری لە پرۆسەکانی دادگاییکردندا.
    • بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای توندتر بۆ ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و کاراکردنی دامەزراوەکانی چاودێری.
  • پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان:
    • داڕشتن و جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان.
    • ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بۆ قوربانیان.
    • پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین، ڕۆژنامەگەری و گردبوونەوەی ئاشتیانە، وەک بنەمایەکی سەرەکیی سیستمی دیموکراسی.

سیاسەتی کۆمەڵایەتی، کەلتووری، هونەری و فەرهەنگی

کارنامەکە لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات کە جیاوازییە ئایینی و مەزهەبییەکان دەتوانن ببنە هۆکارێک بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیان و لێبووردەیی. هەروەها، کەلتوور و هونەر بە پردی پەیوەندی و ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێن. لەم چوارچێوەیەدا، ئەم خاڵانە خراونەتەڕوو:

  • پەرەپێدانی فرەیی و میانڕەوی:
    • داکۆکیکردن لە پاراستنی فرەیی کەلتووری و هونەری، یەکسانی لەنێوان ژن و پیاو، و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییە ئایینییەکان.
    • پشتیوانیکردن لە گوتاری ئایینیی میانڕەو و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و بیری تەکفیری و تیرۆر.
  • پشتیوانیی ماددی بۆ کەلتوور:
    • هەوڵدان بۆ زیادکردنی بودجەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و دامەزراوە کەلتوورییەکان لەسەر ئاستی فیدراڵی، و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ پڕۆژە کەلتوورییەکان.
    • دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی و مەعنەوی بۆ هونەرمەندان، نووسەران، سینەماکاران و شانۆکاران لە سەرانسەری عێراقدا.
  • پاراستنی کەلەپوور و ناسنامە:
    • کارکردن بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و کەلتوورییەکانی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی لە لیستی کەلەپووری جیهانیدا تۆمارکراون.
    • داکۆکیکردن لە پاراستنی کەلتوور، هونەر، ئایین و فەرهەنگی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان، وەک سامانێکی نیشتمانی بۆ هەموو عێراقییەکان.
  • دیپلۆماسیی کەلتووری: پەرەپێدانی پەیوەندییە کەلتوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بە مەبەستی ناساندنی کەلتووری دەوڵەمەندی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

کەرتی نەوت و گاز، بودجە و داهاتەکان

کارنامەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە سیاسەتی نەوت و گاز و دابەشکردنی داهاتەکان لەسەر بنەمای شەفافیەت و دادپەروەری بێت. بۆ ئەم مەبەستە، چەند خاڵێکی سەرەکی وەک دیدگای خۆی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ ئەم کەرتەدا خستووەتەڕوو:

  • یاسای نەوت و گاز و شەفافیەت:
    • جێبەجێکردنی پرەنسیپی شەفافیەت لە سەرجەم داهات و خەرجییەکانی پەیوەست بە نەوت و گازەوە.
    • دەرکردنی یاسایەکی فیدراڵیی نەوت و گاز کە مافە دەستوورییەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکان، لەگەڵ مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا، مسۆگەر بکات.
  • هەمەجۆرکردنی ئابووری: کارکردن بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی وڵات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت، لە ڕێگەی گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزارەوە.
  • پشکی هەرێم لە بودجە: داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پشکێکی دادپەروەرانە لە بودجەی گشتیی فیدراڵی و دڵنیابوونەوە لە ناردنی بەردەوامی شایستە داراییەکان بەبێ پچڕان.
  • چاودێری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: بەهێزکردنی دامەزراوەکانی چاودێریی دارایی و وردبینی، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.

ئاسایش و سەقامگیری

کارنامەکە بایەخێکی تایبەت بە پرسی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات و بۆ ئەم مەبەستە کارکردن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بە پێویست دەزانێت:

  • پشتیوانیکردن لە هێزی پێشمەرگە:
    • بەردەوامبوون لە پڕچەککردن و مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە، وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی فیدراڵیی عێراق.
    • هاوتاکردنی مووچە، دەرماڵە و سەرجەم ئیمتیازاتەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکاندا.
    • دابینکردنی چارەسەری پزیشکی بۆ پێشمەرگە و کەسوکارەکانیان لە نەخۆشخانە گشتییەکان بەبێ بەرامبەر، هاوشێوەی هێزە فیدراڵییەکان، و هاوکاریکردنیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە کەرتی تایبەت یان لە دەرەوەی وڵات.
    • بایەخدان بە نەوەکانی پێشمەرگە و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان.
  • هەماهەنگیی ئەمنی و سەقامگیری:
    • پەرەپێدانی هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان.
    • چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و میکانیزمی سیاسییەوە، دوور لە توندوتیژی.
    • پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆییدا.
  • بەشداری لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا:
    • گرنگیدان بە کۆلێژە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی هاوکار بێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
    • دەستەبەرکردنی پشکی هاووڵاتییانی کوردستان لە سوپای عێراق، وەزارەتی بەرگری و دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەکانی دیکەدا، بە مەبەستی چەسپاندنی بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە.

کرێکاران، کاسبکاران و پیشەوەران

کارنامەکە کرێکاران، کاسبکاران و پیشەوەران بە بەشێکی گرنگی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و هێزی کار دادەنێت و گرنگییەکی تایبەت بە پاراستنی مافەکانیان دەدات. بۆ ئەم مەبەستە، چەند خاڵێکی سەرەکی خراونەتەڕوو:

  • چوارچێوەی یاسایی: کارکردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بۆ دەرکردنی یاسایەکی تایبەت کە ماف و ئیمتیازاتەکانی کرێکاران، کاسبکاران و پیشەوەران بپارێزێت.
  • دڵنیایی کۆمەڵایەتی و تەندروستی: هەوڵدان بۆ دابینکردنی بیمەی تەندروستی و دڵنیایی کۆمەڵایەتی (تقاعد) بۆ کرێکاران.
  • سەلامەتیی پیشەیی: گرنگیدان بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سەلامەتی لە شوێنی کاردا بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران.
  • ئاسانکاریی دارایی: هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بڕی باج و ڕسومات لەسەر ئەم توێژە.
  • دیاریکردنی کاتی کار: کارکردن بۆ دیاریکردنی کاتژمێرەکانی کارکردن بەپێی ستانداردە یاساییەکان.

لە کۆتاییدا، کارنامەکە بە جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی تێیدا هاتووە، کۆتایی دێت. ئەم پابەندبوونە لەژێر دروشمی سەرەکی “ئەوەی دەیڵێین، جێبەجێی دەکەین” خراوەتەڕوو، وەک ئاماژەیەک بەوەی کە ئەم کارنامەیە تەنها کۆمەڵێک خاڵ نین، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکی کردارییە بۆ داهاتوو.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share