ئەمڕۆ لوتکەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی لە وڵاتی میسر بەڕێوەدەچێت و وڵاتەکەش لیستی بانگهێشتکراوانی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە لوتکەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی لەپێناو کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەزە بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە لە لوتکەکەدا سەرۆک و پاشا و میر و سەرۆک وەزیرانی بەشێک لە وڵاتان بەشداربن، ئەمە جگە لە بەرپرسانی کیانە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان.
لە دیارترین میوانانی لوتکەی شەرم شێخ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، کە هەر خۆی خاوەنی بیرۆکەکەیە، جیانی ئینڤاتینۆ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا) لە سەیرترین میوانەکانە، بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکی سیاسیی نییە.
بەشێک لە میدیاکان ئەوەیان ئاشکراکردووە، ناوبراو بەهۆی نزیکێتی لە دۆناڵد ترەمپ بانگهێشتی لوتکەکە کراوە.
لای خۆیەوە وتەبێژی حکومەتی میسر بڵاویکردەوە، نوێنەری هەریەک لە وڵاتانی (تورکیا،عێراق، ئیندۆنیزیا، ئیمارات، پاکستان، هیندستان، بەحرەین، کوەیت، عومان، قوبرس، یۆنان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئازربایجان، ئیسپانیا، ئەرمینیا و مەجەر) بانگهێشتی لوتکەکە کراون.
هاوکات هەریەکە لە ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەب، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپی، لەنێو میوانانی لوتکەکەدان.
هەرچەندە ئێران بە بانگهێشتنامەیەکی رەسمی لە لوتکەی شەرم شێخ ئاگادارکرایەوە، بەڵام وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە رایگەیاند، بانگهێشتنامەکەیان رەتکردووەتەوە.
سەبارەت بە بەشداریکردنی نوێنەرانی حەماس لە لوتکەکە، میدیا عەرەبییەکان ئاشکرایانکرد، ئەوانیش بەشداریی ناکەن، چونکە پێیان وایە ئەمە تەنها ئاهەنگ و رێورەسمێکە بۆ ئەو دەستکەوتەی ئەمریکا لە ئاگربەستەکە بەدەستیهێناوە، نەک واژووکردنی خودی ئاگربەستەکە بۆیە پێویست بە بەشدارییکردنی ئەوان ناکات.