بافڵ جەلال تاڵەبانی: هیچ کاتێک هێندەی ئێستا یەکێتی بەهێز نەبووە

لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەتدا لە دیداری مێری، کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دید و روانینی خۆی بۆ داهاتووی هەرێم، عێراق و ناوچەکە خستەڕوو و رایدەگەیەنێت، یەکێتی ئێستا لە باشترین و بەهێزترین دۆخی خۆیدایە.

سەرۆک بافڵ رایگەیاند، “یەکێتی ئێستا لە بەهێزترین دۆخی خۆیدایە و پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ سەرجەم زلهێزەکاندا هەیە، هەروەها جەخت لە هاوبەشییەکی راستەقینە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە لە پێکهێنانی حکومەتدا”.

سەرۆک بافڵ جەختی لە بەهێزی و یەکڕیزی ناو ماڵی یەکێتی کردەوە و وتی، “یەکێتی حزبێکی بێهاوتایە، هیچ کاتێکیش هێندەی ئێستا بە‌هێز و یەکگرتوو نەبووە، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە هیچ هێزێکی چەکدارمان لە دەرەوەی هەرێم نییە”.

لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووەوە وتی، “چاومان لەوەیە ئەنجامێک بەدەستبهێنین کە باشتربێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئامانجی یەکێتی ئەوەیە خۆی بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر ئامادەبکات”.

سەرۆک بافڵ بە وردی لەسەر پرسی سوریا و داهاتووی کورد لە سوریا وەستا و وتی، ” هاوشێوەی عێراق، سوریا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دووچاری چەندین کێشە و گرژیی بوویەوە، چونکە وەک عێراق کەلتوور، ئاین و پێکهاتەی جیاوازی تێدایە، دەبێت کورد بەشدارێکی کاریگەربێت لە بونیادنانی سوریادا و بگات بە مافەکانی”.

لەبارەی پەیوەندی و هاوسەنگی پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکاندا سەرۆک بافڵ ئەوەشی خستەڕوو، “یەکێتی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و زۆرباشی لەگەڵ ئەمریکا، روسیا، چین و وڵاتانی ئەوروپادا هەیە، ئەمەش نیشانەی پەیڕوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هێزە کاریگەرەکاندا”.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share