بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، هەر لایەنێک بانگەشەی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردن بکات سزادەدرێت
ئامانج عەزیز، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو کەسانەی ناویان هاتووەتەوە وەکو کارمەندی دەنگدان دەستبەکاربن، لەماوەی داهاتوودا خولی راهێنانیان بۆ دەکرێتەوە و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە دیاریدەکرێت و تاوەکو 24 کاتژمێر پێش دەنگدانی تایبەت بەردەوامدەبێت، هەر کاندید یان لیست و قەوارەیەک بانگەشەی پێشوەختە بکات لە ئاستی هەر پارێزگایەک لیژنەیەکی تایبەتمەند هەیە و بە سەرپێچی تۆماریدەکەن و سزادەدرێت.
لەبارەی سزاکانەوە رایگەیاند، سزاکان ماددین و هەندێک جاریش تاوەکو دروخستنەوەی کاندیدەکە دەڕوات و بە شێوەیەکی گشتی سزاکان لەسەر بنەمای ئەو رێنماییانە دەبێت کە کۆمسیۆن دیاریکردوون.