قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، سەرەڕای بەدواداچونی بەردەوام، مانگی رابردوو تەنها پێنج شوێنکار داخراوە.
لە راپۆرتی ئاماری کار و بەدواداچوونەکانی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هاتووە، مانگی رابردوو لە سلێمانی نزیکەی 36 تۆن خۆراک، کەرەستەی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەناوبراوە و، 5 شوێنی کارکردنیش داخراون.
ئاشکراشیکرد، شەش هەزار و 149 سەردانیان لە سنووری شاری سلێمانی، بازار و شوێنە گشتییەکانی ئەنجامداوە و پسوڵەی سەرپێچیان بۆ390 شوێنکار کردووە، هاوکات 216 حاڵەتی ئاگادارکردنەوە لەلایەن هاوڵاتییانەوە هەبووە.
هەر لە ئامارەکانی راپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی پێشوو شەش حاڵەتی دادگاییکردن تۆمارکراوە، 8 شوێنکار بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون، ئەو شوێنانەشی کە رووبەڕووی داخستن بوونەتەوە بەهۆی دووبارە ئەنجامدانەوەی سەرپێچی و پابەندنەبوونیان بە یاسا و رێنماییەکانەوە بووە کە پێشتر لە لایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە پێیان درابوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە مانگی رابردوودا 50 ملیۆن دینار سزای دارایی بەسەر ئەو شوێنانەدا سەپێندراوە کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون.