کۆبوونەوەی وەفدی حکومەتی هەرێم و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆتاییهات و، تەیف سامی بە وەفدی حکومەتی هەرێمی وتووە، تاوەکو رێککەوتن نەکرێت، ناتوانین مووچە بنێرین.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کردووە و، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوانیاندا هەبووە و لەسەر زۆربەی پرس و بابەتەکان، نزیک و کۆک بوون.
هاوکات، وەزیری دارایی عێراق بە وەفدی حکومەتی هەرێمی وتووە، پێش جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداد و یەکلابوونەوەی راپۆرتی داهاتی نانەوتیی هەرێم، ناتوانن مووچە رەوانەبکەن، پاشان وەفدی هەرێمی کوردستان نامەیەکی بۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە و لە نامەکەدا داوایکردووە، مووچەی مانگی حوزەیران بنێردرێت و، چاوەڕێی وەڵامی سودانی دەکەن.
بڕیارە تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بەردەوامییان هەبێت.