خانمە پیرەکە چاوەڕێی کەوتنی زێدانە

ئیدارەی یانەی یوڤانتۆس چاودێری دۆخی زێدان دەکات لە یانەی ڕیاڵ مەدرید

لەم وەرزەدا ئاستی یانەی ڕیاڵ مەدرید بەپێی پێویست نەبووە و هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بە دەستلەکارکێشانەوەی زینەدین زێدانی ڕاهێنەر دەکەن لە کۆتایی وەرزدا.

ماڵپەڕی “ئۆکەی دیاریۆ” بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەکانیەوە بەردەستکەوتوون، شیکارییەکی ڕۆژنامەوانی بۆ دۆخی زێدان و ڕیاڵ مەدرید و یانەی یوڤانتۆس کردووە.

ئۆکەی دیاریۆ نوسیویەتی، دوای شکستی ماوریزیۆ ساری ئیدارەی بیانکۆنێری بە ناچارییەوە ئەندریا پێرلۆیان دەستنیشانکردووە، چونکە لەو ساتەدا ڕاهێنەرێکی گەورەی وەک زێدان بەردەست نەبووە کە بیرۆکەکانی لەگەڵ فەلسەفەی خانمە پیرەکە بگونجێت، لەم وەرزەشدا پێرلۆ جامی سوپەری ئیتاڵیای بەدەستهێناوە، بەڵام ئەم جامە شەفاعەتی بەردەوامبوونی بۆ ناکات.

ئەندریا ئانێلی سەرۆکی یوڤی و هاوکارانی لە کۆتایی وەرزدا دووبارە خوێندنەوە بۆ بارودۆخی یانەکەیان دەکەن، شکستهێنان لە چامپیۆنزلیگ و کالچیۆ ناچاریان دەکات بیر لە دوورخستنەوەی پێرلۆ بکەنەوە، بەتایبەت نازناوی کالچیۆ کە لە ئێستادا دوای یانەکانی میلان و ئینتەرمیلان کەوتوون.

زێدان لە ئامێزی ئەندریا ئانێلی سەرۆکی یانەی یوڤانتۆس

بەپێی سەرچاوەکە، ئیدارەی یوڤی چاویان لە تواناکانی زێدان بڕیوە، ئەم ڕاهێنەرەش لە مەدرید لە هەمان بارودۆخدایە و ئەگەرێکی بەهێزە لە کۆتایی وەرزدا دەستلەکاربکێشێتەوە، ئەگەر ئەم بڕیارەش بدات ڕاستەوخۆ یانەی یوڤانتۆس هەوڵی پەلکێشکردنی دەدەن ڕووەو ماڵی دووەمی (یوڤانتۆس).

ئۆکەی دیاریۆ، بوونی زێدانی بە ڕاهێنەری یوڤانتۆس بە خەونی گەورەی ئانێلی و پاراتیچی سەرۆک و بەڕێوبەری وەرزشیی وەسفکردووە، دووپاتیشیکردووەتەوە، هیچ ڕێککەوتنێک لە ئارادا نییە، بەڵام بەرپرسانی یانە ئیتاڵیەکە چاویان لە زێدان و کێشە ناوخۆییەکانی ڕیاڵە تاوەکو لەو بارەیەوە بڕیارێک بدەن.

بابەتی پێشتر

ڕاهێنەری بایرن بەختەوەرنییە و ڕۆمەنیگە یەکێکە لە هۆکارەکان

بابەتی دواتر

لاپۆرتا: پاریس بە ئاشکرا خواستی لەسەر مێسی نیشانداوە و بێڕێزی بە بەرشلۆنە دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share