رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ئاشکرایدەکات، رەنگە ئۆکرانیا رازی بێت بە ئاگربەست و تەنانەت ئەو خاکەش رادەستبکات، کە پێشتر لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە سەرکردەکانی ئەوروپای راگەیاندووە، پێویستە ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەتبکەنەوە کە باسی لە رادەستکردنی بەشێکی زیاتری خاکی ئۆکرانیا دەکرد، بەڵام بەشێک لەو خاکەی ئێستا رووسیا دەستی بەسەردا گرتووە، کیێڤ دەستبەرداری دەبێت.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوەدەکات، سەرۆکی ئۆکرانیا وتوویەتی، دەکرێت ئەو بەشەی خاکی ئۆکرانیا کە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە، لەسەر مێزی دانوستانەکانی ئاشتیدا بێت.
ئەم قسانەی زلێنسکی لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتن، هاوتا رووسییەکەی کۆببنەوە و شەڕی ئۆکرانیا، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت.