ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، ”پاش ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا بەنداوی ئاوەسپی کە لە سنووری قەزای کفرییە، بە هۆکاری هەڵەی تەکنیکی بەردانەوەی ئاو تێیدا وەستا، بە فەرمانی سەرپەرشتیاری ئیدارەکە و لەسەر بودجەی تایبەتی ئیدارەکە، وەک چارەسەرێکی خێرا لە رێگەی بەکارهێنانی بۆریی تایبەتەوە، تواندرا کێشەی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە چارەسەربکرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، “لە پاش چارەسەرکردنی گرفتەکە لەلایەن فەرمانگەی بەنداوەکانی گەرمیانەوە، لەئێستادا بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە دەستیپێکردووەتەوە و سوودی دەبێت بۆ زەوییە کشتوکاڵیەکان و باخ و حەوزی ماسییەکانی سنوورەکە”.
ئەندازیار جەبار مەحمود، لێپرسراوی بەنداوەکانی گەرمیان لەبارەی کێشەکەوە دەڵێت، “کێشەیەکی تەکنیکی لە کردنەوەی دەرگاکانی بەنداوەکە روویداوە و بەوهۆیەوە بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە وەستاوە و لە رێگەی بۆرییەوە تواندرا ئاوی پێویست بەربدرێتەوە، بە جۆرێک لە ئەمڕۆوە لە کاتژمێرێکدا 500 مەتر سێجا ئاو بەردەدرێتەوە و سوودی دەبێت بۆ جوتیارانی سنوورەکە”.