راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان: میدیای ئەودیو دێگەڵە توشی هیستریا بووە

بەشی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، میدیای ئەودیو دێگەڵە توشی هیستریا بووە و لە یەك كاتدا پەلاماری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم و سەرۆك كۆمار دەدەن.

بەشی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پرسی چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەمیشە پرسی سەرەكی و كارنامە و ئەجێندای سەردانەكانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغداد و ئەنجامدانی كۆبوونەوە بووە لەگەڵ بەرپرسە حكومی و حزبییەكانی بەغداد و خاڵێكی سەرەكی بەرنامەی یەكێتی بووە لە بانگەشەی هەڵبژاردن هەمیشەش سورە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پرسە و هەموو رێكارێكی سیاسی، ئیداری، یاسایی گرتووەتەبەر بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، بەڵام ئەوەی كە جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە كە دەیانەوێ‌ بە یەك تیری ژەهراوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و مامۆستایان و فەرمانبەران بە ئامانج بگرن، گوایە لەژێر خێمەی مامۆستایانی مانگرتوو لە سلێمانی (پـ.ـەكـ.ـەكـ.ـە)ی لێیە، هەروەها ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی كە هەوڵیانداوە بچنە هەولێر بەشێكیان (پـ.ـەكـ.ـەكـ.ـە) بوون و دەیانەوێ‌ ئارامی شارەكە تێكبدەن و مەترسی لەسەر هەولێر دروست بكەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، جەماوەری پارێزگای هەولێر بڕوا بەو چەواشەكارییانە ناكەن كە كادرانی پەكەكە پێویست بێت لە سلێمانیەوە بچنە پارێزگای هەولێر و ئارامی و ئاسایشی ئەو شارە تێكبدەن، چونكە هێزەكانی (پـ.ـەكـ.ـەكـ.ـە) لە سنووری قەزاكانی مێرگەسور، سیدەكان، سۆران، چۆمان، رەواندوز بنكە و بارەگایان هەیە، واتە لە سنووری پێنج قەزای پارێزگای هەولێر (پـ.ـەكـ.ـەكـ.ـە) هەیە و ئیتر بۆچی دەستی تۆمەت بۆ سلێمانی درێژ دەكەن، بەڵام دەیانەوێ‌ ئەو تۆمەتانە بكەن بە بیانوو بۆ ئەوەی رێگری لە خۆپیشاندان بگرن و گووشار لەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران دروست بكەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دكتور لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق بەرەسمی پشتگیری خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەربڕیوە و بۆ ئەو مەبەستە سكاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی لەسەر سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمار كرد، لەسەر تۆماركردنی ئەو سكاڵایەی سەرۆك كۆمار هەموو خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی ئەوە بوون كە میدیای هەولێر كە ماوەیەكی زۆرە گلەیی لە نوێنەرانی كورد دەكەن لە بەغداد كە لە پرسی مووچە بێ دەنگن، دەكرا سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار بۆ دڵنیایی و دڵنەوایی خەڵك بو چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بایەخیان پێ بدرایە، كەچی بە تانە و پلار و رەخنەی نابەجێ بڵاویدەكەنەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەشدا جەختکراوەتەوە، لەسەر ئەو هەموو پەیامە چەواشە، راستییەك هەیە دەڵێن ( هەر میدیاكارێك قاڵبووی ئادابی گشتی نەبێت، ناتوانێت پابەندی جێبەجێكردنی ئاداب و ئاكاری كاری میدیایی بێت)، ئەگەر نا ناوهێنانی مامۆستایان كە داوای مافی رەوای خۆیان دەكەن، بە ڤایرۆس و پـ.ـەكـ.ـەكـ.ـە و جەماعەتی مقاوەمە و تێكدەری ئاسایشی هەرێم، جگە لە لادان لە ئاكاری میدیایی هیچ رامانێكی دیكە نادات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share