وەزیری وزەی سوریا رایدەگەیەنێت، بەم نزیکانە سەردانی عێراق دەکەم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکوک-بانیاس.
محەمەد بەشیر، وەزیری وزەی سوریا رایگەیاند، بەم نزیکانە سەردانی عێراق دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نۆژەنکردنەوەی ئەو بۆرییە نەوتییەی کە کێڵگەی کەرکوک بە بەندەری بانیاسەوە دەبەستێتەوە و نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی حومس و بانیاس دەگوازێتەوە.
وتیشی، وەزارەت کار بۆ داڕشتنەوەی کەرتی وزە لە سوریا دەکات لە رێگەی دامەزراندنی چەند کۆمپانیایەکی نەوت و کارەبا، هاوشێوەی کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەنجامدانی گەڕان، بەرهەمهێنان، گواستنەوە و پاڵاوتن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژێرخانی کەرتی وزە بەهۆی شەڕ و گەمارۆکانەوە، تووشی تێکچوونێکی بەرچاو بووە، هەندێک وێستگە لەکارکەوتوون و هەندێکی دیکەشیان بە توانای نێوان 50 بۆ 70 لەسەد، کاردەکەن.