راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، “ئەمساڵ لوتکەی عەرەبی نۆرەی سوریا بوو”.
هاوڕێ تۆفیق، راوێژکاری د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، بەپێی ریزبەندیی میوانداریکردنی لوتکەی عەرەبی ئەمساڵ نۆرەی سوریا بوو، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر ئەو وڵاتەدا هاتووە و داوای لێبوردنیان کرد، ریزبەندییەکە هات بۆ عێراق.
وتیشی، هەموو ساڵێک لوتکەی کۆمکاری عەرەبی دەبەسترێت و ئەو وڵاتەی میوانداریی لوتکەکە دەکات جگە لە ئەرکی میوانداریکردن و رێکخستنی لۆجستی و ئاسایش، لە هەمان کاتدا سەرکردایەتیکردنی لوتکەکەش لەئەستۆ دەگرێت و تاوەکو ساڵی داهاتوو لەڕێگەی دامودەزگاکانی کۆمکاری عەرەبییەوە بەدواداچوون دەکات و چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و راسپاردانە دەکات کە لە کۆمکارەکەوە دەردەچن.
هاوڕێ تۆفیق، باسی لەوەشکرد، ئێستا عێراق بووژانەوەی ئابوری و وەبەرهێنانی بەخۆیەوە بینیوە و هاتنی سەرکردەی ئەو وڵاتانە بۆ عێراق جۆرێکە لە نیشاندانی راستیی بەرەوپێشچوونەکانی ئاسایش و ئارامی لە وڵاتەکەدا.