چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی لەسەر گاڵتەپێکردن و ئازاردانی هاوڵاتییەکی سلێمانی هاتە دەنگ

وێنەی گرتەیەكی ڤیدیۆی ڕوداوەكە

بەڕێوبەرایەتیی‌ گشتیی چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتیی‌ سلێمانی، دەستخۆشی لە پۆلیس دەکات کە هەستاوە بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ڕوداوی گاڵتەکردن بە هاوڵاتییەکی سلێمانی و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی، داواش دەکات بە سزای یاسایی بگەیەندرێن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوبەرایەتیی‌ گشتیی چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتیی‌ سلێمانی ڕایگەیاندووە، “پاش بڵاوبوونەوەی‌ گرتە ڤیدیۆییەک کە تیایدا چەند کەسێک بەشێوەیەکی‌ ناشایستە ڕەفتار بەرامبەر هاوڵاتییەک دەنوێنن، “وەک بەڕێوبەرایەتیی گشتیی‌ سەرکۆنەی‌ ئەم کارە نامرۆڤانەیە دەکەین‌ و بە کارێکی‌ دوور لە بەهای‌ مرۆڤایەتی‌‌ و شکاندنی‌ کەرامەتی‌ مرۆڤی دەزانین، هەموو مرۆڤێک جێگەی‌ ڕێزەو دەبێت کەرامەتی‌ پارێزراو بێت، بەتایبەت ئەو هاوڵاتییانەی‌ کە باری‌ دەروونی‌ یان ژیرییان ناجێگیرە یان خاوەن پێداویستیی‌ تایبەتن، لەم کاتەدا ئەرکە لەسەر هەموو تاکێکی‌ کۆمەڵگە ژیانیان بپارێزێت‌ و ڕێزیان لێبگرێت”.

چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی دەشڵێت، “پێویستە ئەو کەسانەی‌ ئەو کارەیان ئەنجامداوە ڕوبەڕووی‌ دادگا بکرێنەوەو هەرکەسێک هەڵسوکەوتی‌ هاوشێوەی‌ ئەو ڕەفتارە بکات بە یاسا مامەڵەی‌ لەگەڵدا بکرێت بۆ ئەوەی‌ ڕێگری‌ لەهەموو کارێکی‌ هاوشێوە بگیرێت و دستخۆشی‌ لە هێزەکانی‌ پۆلیس دەکەین کە تۆمەتبارانیان دەستگیر کردووە، وەک بەڕێوبەرایەتی‌ گشتیی بەدواداچوون بۆ ژیانی‌ ئەو هاوڵاتییە دەکەین‌ و ئامادەی‌ هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی یاسایی‌‌ و دەروونی‌‌ و کۆمەڵایەتیین بۆی‌”.

پۆلیسی سلێمانی، دوێنێ یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە کە گاڵتەیان بە کەسێکی “دەروون نەخۆش” کردووە و ئازاریان داوە و ڤیدیۆکەیان بڵاو کردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. له‌ دوو ڕوداوی هاتوچۆدا كه‌سێكی گیانی له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كیش برینداربوون

بابەتی دواتر

خورمای عێراق هەناردەی ئاسیا و ئەوروپا دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share