وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی تەرخانکردنی زەوییەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی تەرخانکردنی زەوییەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مەرج نییە هەر ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگەیەک کە رەزامەندیى هەبێت، زەوىی پێبدرێت.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ 24ـی تەمموزی 2025، کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەنجامدرا بۆ گفتوگۆ لەسەر رێکارەکانی تەرخانکردنی زەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگە دەستخۆشیی لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ تەرخانکردنی پارچەزەویی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگانەی وەزارەت و فەرماندەیی هێزەکانی (70 و 80) کە بەهۆی خزمەتەوە شایستە بوون بۆ وەرگرتنی زەوی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوەیەدا ئەم روونکردنەوەیە دەخەینەڕوو کە پێویستە تەواوى ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگەکانمان پێوەى پابەندبن:

1- پاش هەوڵەکانى تیمى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ جەختکردنەوە لە شایستەبوونی زۆرینەى برا پێشمەرگەکان بە وەرگرتن و دیاریکردنى سنوورى جوگرافى بۆ ئەو زەوییانەى کە پێیاندەدرێت بەشێوەیەک بێت تا رادەیەک دادپەروەرى سوودمەندیان رەچاو بکرێت.

2- ئەو لیستانەى بڵاوکراوەنەتەوە، رەزامەندیی سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیرانى بۆ وەرگیراوە بۆ تەرخانکردنى پارچەزەوى، مەرج نییە هەر ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگەیەک کە رەزامەندیی هەبێت، زەویی پێبدرێت، لەبەرئەوەى لە دوای فلتەرکردن و وردبینیکردن لە لیستەکان تایبەت بەو ناوانەى کە پێشتر سوودمەندبوون، ناوەکانیان دەردەکرێت و مافى وەرگرتنى زەوییان نییە.

3- لەکاتى پڕکردنەوەى فۆرم لەلایەن فەرمانگەى یاسایى (بەڵێننامە) دراوە لەلایەن خودى کەسەکە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، لەو حاڵەتەدا هەر ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگەیەک گەر بەڵێننامەى دابێت و لە هەمانکاتدا پێشتر سوودمەندبووبێت، لێپێچینەوەى یاسایى و کارگێرى و دارایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بۆ ئەم مەبەستەش، لە چەند رۆژى داهاتوودا لیستى ناوى سوودمەندبووان کە لە وەزارەتى شارەوانى وردبینیکراوە، دەگاتە وەزارەتى پێشمەرگە، بۆیە دەرفەتێک دەدرێت بەو ناوانەى کە پێشتر سوودمەندبوون بەشێوەیەکى رەسمی لەلایەن یەکەکانیانەوە بە لیست وەزارەتى پێشمەرگە/ سەرۆکایەتیى ئەرکان/ دائیرەى ئیدارە و میرە ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەى تووشى لێپێچینەوەى یاسایى و کارگێرى و دارایى نەبنەوە.

4- رێکارى کارگێرى بۆ رێکخستنى کاروبارەکانى تەرخانکردنى پارچەزەوى بۆ ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە بەمەبەستى رێکخستنى لیستەکان بەپێى خاڵبەندى و سنوورى جوگرافى و وردبینیى کۆتایى لە وەزارەتى شارەوانى ماوەیەکى پێویستە تاوەکو لیستى کۆتایى رادەگەیەندرێت، بۆیە داوا لە تەواوى ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین کە سەردانکردن و فشارکردن بۆ سەر لایەنى پەیوەندیدار لە وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى شارەوانى و سەرۆکایەتیى شارەوانییەکان و لیژنەى زەوى لە وەزارەتمان ئەنجامنەدەن تا ئەو کاتەى لیستى کۆتایى بە گشتى رادەگەیەندرێت.

5- هەماهەنگیى تەواو کراوە لە نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى شارەوانى کە هیچ ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگەیەک ئەگەر مەرجەکانى وەرگرتنى پارچەزەوى بیگرێتەوە، ئەوا مافى نافەوتێت.

6- بەمەبەستى راستکردنەوە، رێکخستنى داتا و زانیارىی تایبەت بە لیستەکانى ئامادەکراو بۆ وەرگرتنى زەوى بەرپرسى ئیدارى یەکەکان کارى پێویست ئەنجامدەدەن بە هەماهەنگى لەگەڵ دائیرەى ئیدارە و میرە و لیژنەى زەویى وەزارەتمان بۆ ئەو مەبەستە.

وەزارەتی پێشمەرگە باسلەوەشدەکات، راستی و دروستیی لیستی دەرچووەکان لە پەیجی رەسمیی وەزارەتەکەوە بڵاودەکرێتەوە لەکاتی خۆیدا؛ هیچ سەرچاوەیەکی تر باوەڕپێکراو نییە کە لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share