شیروان میرزا: ئەگەر گەرووی هورمزیش بکرێتەوە قورسە ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بگاتەوە ئاستی پێشوو

ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، زیاتر لە %90ی هەناردەی نەوتی عێراق دابەزیوە، ئەوەشی ئێستا هەناردە دەکرێت زۆر کەمە.

شیروان میرزا، ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، زیاتر لە %90ی ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق دابەزیوە، ئەوەی ئێستا هەیە بەشێکی کەمی نەوتی کەرکوکە، کە بە بۆری بەندەری جەیهانی تورکیادا تێپەڕدەبێت، هەندێکیش لە ڕێگەی بارهەڵگرەوە بە سوریادا تێپەڕیوە، ئەم بڕەش زۆر کەمە و کەمترە لە %10ی ئاستی هەناردەی پێشوو.

باسی لەوەشکرد، بەداخەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر لەوە نەکراوەتەوە کە ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، ڕێگەیەکی دیکە بۆ هەناردەکردن بدۆزرێتەوە، چەند بژاردەیەکی دیکە هەبوون، بەڵام هەمیشە ڕێگە ئاسانەکە ئەوەبوو کۆی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەسڕەوە هەناردەبکرێت، چونکە ڕێگەکانی دیکە تێچوویان زیاتربووە و پەیوەندییە سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی چواردەور هێندە باش نەبووە، لەو ڕووەوە یارمەتیدەربێت، هەروەها ترسی ڕوودانی کاری تیرۆریستیش هۆکارێکی دیکە بووە، چونکە ئەو بۆرییەی کە دادەنرێت بۆ هەناردەی نەوت، دەبێت لە هەردوولاوە گەرەنتی ئاسایش و پاراستنی بکەیت، دەتوانین بڵێین عێراق وەک ستراتیجێکی گرنگ لەم پرسەی نەڕوانیوە.

شیروان میرزا وتیشی، بازاڕی وزە سروشتێکی هەیە، کاتێک تێکدەچێت، ئاساییبوونەوەی سەخت دەبێت، چوونکە عێراق تەنانەت بڕی نەوتەکەشی هەبێت، پێویستە کڕیاری بۆ بدۆزێتەوە. ئێستا کۆمپانیا بیانییەکانیش بەشێکی زۆریان کارکردن، بەرهەمهێنانیان و پەرەپێدانیان ڕاگرتووە، بۆیە گەیشتنەوەی عێراق بە ئاستی هەناردەکردنی پێش جەنگ، کە زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بوو، قورسە و کاتی پێویستە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سبەی یەكەم رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت

سبەینێ هەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش جەختدەکاتەوە ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە. سبەینێ هەینی…
Total
0
Share