پارێزگاری کەرکوک رایدەگەیەنێت، پشتیوانی تەواوی داواکارییەکانی مامۆستایان دەکات و لێکۆڵینەوەش لەو هێزە دەکرێت کە خێوەتی ناڕەزایەتییەکانیان هەڵوەشاند.
رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ئیدارەی کەرکوک پشتیوانی تەواوی داواکارییەکانی مامۆستایان دەکات، هەرچەندە چارەسەرکردنی مووچە لە رووی ئیدارییەوە لەلای ئێمە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر هەوڵمانداوە کێشەکەیان چارەسەربکەین و چەندین نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردوە بۆ گواستنەوەی راژەیان بۆ سەر حکومەتی فیدڕاڵی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامدانی گردبوونەوە مافی خۆیانە بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانیان، بەڵام بەپێی رێکارەکان و دەرگای نوسینگەکەمان کراوەیە بۆ پێدانی مۆڵەتی خۆپیشاندان و گردبوونەوە، پاراستنیشیان لە ئەستۆی هێزەئەمنییەکان دەبێت، فەرمانمان کرد بە پێکهێنانی ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە دەرهەق بەو هێزانەی خێوەتی مامۆستایانیان هەڵوەشاندەوە.