فەتح: كازمی تەقینەوەكانی كرد بە پاساوی گۆڕینی كاربەدەستان

هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری دەڵێت، “كازمی بەر لە تەقینەوەكانی بەغداد پلانی دانابوو بۆ گۆڕینی بەرپرسان و هەموو بڕیارەكانی ناوبراو سیاسیین.”

دوای تەقینەوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغداد كە بەهۆیانەوە دەیان كەس بوون بە قوربانی، مستەفا كازمی ژمارەیەك كاربەدەست و فەرماندەی ئەمنی و سەربازی و هەواڵگیری گۆڕی.

ئەو گۆڕانكارییە ناڕەزایی بەشێك لە لایەنەكانی لێكەوتووەتەوە، هەندێك تۆمەتباری دەكەن بەوەی تەقینەوەكانی كردووە بە پاساوێك بۆ گۆڕینی كاربەدەستان.

حامد موسەوی، ئەندامی فراكسیۆنەكەی هادی عامری دەڵێت، “قسەكردن سەبارەت بە گۆڕینی فەرماندە ئەمنییەكان بەهۆی تەقینەوەكان و ناوهێنانیان بە كەمتەرخەم، بوختان و قسەی هەڵبەستراوە و هەمووان ئەوە دەزانن.”

موسەوی جەختدەكاتەوە كە سەرۆكوەزیران پێشتر نیازی كارێكی لەو جۆرەی هەبووە و ڕایدەگەیەنێت، “ئەو لیستی گۆڕانكارییەی خرایەڕوو، كازمی بەر لە ئەنجامدانی تەقینەوەكان ئامادەیكردبوو، ئەوەبوو تەقینەوەكانی كرد بە بیانوو بۆ گۆڕینی فەرماندەكان.”

حامد موسەوی

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە كە یەكێكە لە سەركردەكانی هاوپەیمانیی فەتح، “ئەو كەسانەی گۆڕاون، هیچ پەیوەندییەكیان بە تەقینەوەكانەوە نییە، بەڵكو تەنها بەرپرسانی هەواڵگری پەیوەندیداری ئەو بابەتەن.”

حامد موسەوی لە لێدوانێكدا ڕاشیگەیاندووە، “بڕیارەكانی كازمی سیاسیین و هەمووان دەزانن كە جگە لە بڕیاری سیاسی، ناوبراو تا ئێستا هیچ بڕیارێكی چاكسازییخوازانەی نەداوە.”

ڕۆژی پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم، تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە گۆڕەپانی “تەیەڕان” لە ناوچەی باب شەرجی لە بەغداد ڕویدا، دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەكان بە شوێنەكە و دروستبوونی قەرەباڵغی لەسەر تەرمی كوژراوەكان و هەوڵدانی تیمەكان و هاوڵاتییان بۆ گواستنەوەی بریندارەكان، خۆكوژێكی تر خۆی تەقاندەوە، بەوەش 32 كەس كوژران و 110 كەسی تر برینداربوون.

لە كاردانەوەی تەقینەوەكاندا، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكی دەركرد، لەوانە دەركردنی عەبدلكەریم عەبد فازڵ (ئەبوعەلی بەسڕی)، بەڕێوبەری گشتیی هەواڵگری و دژەتیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ و فەریق ڕوكن- جەعفەر بەتات، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق و لادانیان لە پۆستەكانیان.

بڕیارێكی تری كازمی، لەكارلادانی فەریق ڕوكن- عامر سەدام، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری بوو، بۆ جێگرتنەوەشی، سەرۆكوەزیران بڕیاریدا فەریق- ئەحمەد ئەبوڕەغیف وەك بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری دەستبەكارببێت.

لە چوارچێوەی بڕیارەكانی كازمی-دا، فەریق- قەیس محەمەداوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداد گواسترایەوە بۆ وەزارەتی بەرگری و لیوا ڕوكن- ئەحمەد سەلیم كرا بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداد.

یەكێكی تر لەو كاربەدەستانەی بەر بڕیارەكانی كازمی كەوتن، لیوا- باسم مەجید، بەڕێوبەری هەواڵگری و ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداد بوو، كە لە پۆستەكەی لادرا.

لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە وەك سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی چەندین كاربەدەستی حكومەتی گۆڕیوە، زۆربەی ئەوانەشی گۆڕدراون یاخود لەكارلادراون، كاربەدەستانی سەربازی و ئەمنی بوون.

كازمی زیاتر بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی گۆڕیوە

ئەو لایەنانەی ڕەخنە لە كازمی و سیاسەتەكانی دەگرن، لەوانە پارت و هاوپەیمانێتییەكانی هەریەك لە نوری مالكی و هادی عامری و قەیس خەزعەلی، هەمیشە بەوە تۆمەتباری دەكەن كە هەنگاو و بڕیارەكانی سیاسیین و ئامانج لێیان، دوورخستنەوەی كەسانی سەر بەو پارتانەیە.

پێشتر بەها نوری، وتەبێژی فراكسیۆنی دەوڵەتی قانون لە پەرلەمانی عێراق كە نوری مالكی سەركردایەتی دەكات، ڕەخنەی توندی لە كازمی گرتبوو، ئەو لە لێدوانێكدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” ڕایگەیاندبوو، “كازمی هیچ بڕگەیەكی كارنامەی حكومەتەكەی جێبەجێ نەكردووە و داخوازیی شەقامی بەجێنەهێناوە، هەموو كارەكانی لە گواستنەوە و لەكارلادانی كۆمەڵێك بەرپرس و بانگەشەی میدیایی و سێڵفیگرتن و بڵاوكردنەوەی وێنەدا كورتكردووەتەوە، لەكاتێكدا دەبوو كاربكات بۆ بەڕێوبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەت و ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا.”

بەها نوری، وتەبێژی پارتەكەی مالكی

هەروەها تامر زیبان، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی هادی عامری، لە لێدوانێكدا بۆ “ئێستا” ڕەخنەی توندی لە كازمی و كابینەكەی گرت و ڕایگەیاند، “حكومەتەكەی كازمی بە ڕێككەوتن پێكهێنرا، بەوپێیەش دەبوو كۆمەڵێك ئەرك ڕابپەڕێنێت، وەك زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردن و گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەت و ئارامكردنەوەی دۆخی ئەمنیی شارەكان و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.”

سامر زیبان، ئەندامی فراكسیۆنی فەتح بە سەرۆكایەتیی عامری

“بەڵام كازمی و حكومەتەكەی لە دۆسییەی كۆرۆنادا شكستیانهێنا و لەڕووی ئابوورییشەوە حكومەت هەوڵی قەرزكردن دەدات و مووچە دابەش ناكات و پەیوەستی دەكات بە قەرزكردنەوە، كە ئەوەش كارێكی نادروستە.” وەك پەرلەمانتارەكەی فەتح وتی.

ڕەخنەگرانی كازمی تۆمەتباری دەكەن بە نمایشی زۆر و كاری كەم

دوێنێ سێشەممە 26ی كانونی دووەم، حسێن عیقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، “هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامنادرێت، چونكە بەر لە كۆتاییهاتنی خوولی پەرلەمان بە زیاتر لە دوو مانگ، ناكرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، بەوپێیەش كە تا ئێستا پەرلەمان هەڵنەوەشاوەتەوە و هیچ ڕێككەوتنێكیش لە ئارادانییە بۆ ئەوەی زۆرینەی ئەندامان یەكبگرن و پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە، ئەوا هەڵبژاردن ناكرێت كە سەرەكیترین بڕگەی كارنامەی حكومەتەكەی كازمی-یە.”

عیقابی: هەڵبژاردن ناكرێت
بابەتی پێشتر

تەندروستیی جیهانی: 355 ملیۆن دۆز ڤاكسین دەدرێتە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بابەتی دواتر

لە ڕوداوێكی تەقەكردندا لە هەولێر دوو برا كوژران

بابەتی پەیوەندیدار