د. ئارام رەفعەت: ئـ.ـۆجـ.ـەلان هەر 10 ساڵ جارێك شێتی دەیگرێت

نووسەر دكتۆر ئارام رەفعەت لە وتارێكیدا بە ناونیشانی، ئۆجەلان هەر 10 ساڵ جارێك شێتی دەیگرێت،

دەڵێت، ساڵی 2015 ئۆجەلان دوو جار شێتی گرتی، یان راستی بڵێم، من پێم شێت بوو و ئێستاش لە 2025 و دوای 10 ساڵ تەجریدكردنی بە شێتیەكی زۆر گەورەتر لە هی 2015 دەركەوتەوە”.

دەقی وتارەكەی نووسەر:

ئۆجەلان هەر 10 ساڵ جارێك شێتی دەیگرێت

ساڵی 2015 ئۆجەلان دوو جار شێتی گرتی، یان راستی بڵێم، من پێم شێت بوو.

ئێستاش لە 2025دا و دوای 10 ساڵ تەجریدكردنی بە شێتیەكی زۆر گەورەتر لە هی 2015 دەركەوتەوە.

شێتیی یەكەمی ئۆجەلان لە ئاداری 2015 بوو. ئەوسا لە ئیمڕاڵییەوە پەیامێكی بۆ شەڕڤانانی رۆژاڤا نارد كە دەبێت بەهەر نرخێك بێت چیای عەبدولعەزیز كۆنترۆڵبكەن.

من پێموابوو ئەم داوایەی ئۆجەلان شێتانەیە، ئاخر من توانای سنوورداری ئەوسای شەڕڤانان و نەخشەی بڵاوبوونەوەی هێزەكانی داعش و ئەلقاعیدە و رژێمەكەی ئەسەد و دیمۆگڕافیای ناوچەكە و هەڵكەوتەی چیای عەبدولعەزیزم لەبەر چاو بوو.

چیای عەبدولعەزیز 35 كیلۆمەتر لە باشووری حەسەكەیە و ناوچەكە قوڵایەكی عاڕەبی هەیە و مەگەر تاك و تەرا كوردی لێبێت و زۆرینەی دانیشتوانی عاڕەبی سوننەی جاران بەعسی سەدامی و ئەوساش داعشی و ئەلقاعیدە بوون.

جگە لەوە، چیای عەبدولعەزیز، 80 كیلۆمەتر درێژایی وە 300 بۆ 950 مەتر بەرزایی هەیە كۆنترۆڵكردنی ئەو چیایە بەو هێزە كەم و بێ چەكەی شەڕڤانان لە مەحاڵ مەحاڵتر بوو.

ئەوسا شەڕڤانان نەبووبوونە هاوپەیمانی ئەمریكا و هەر 10 بۆ 15 هەزار شەڕڤانێك دەبوون و تازە لە داستانی درێژخایەنی كۆبانێ رزگارییان ببوو و ماندوو و بێ بڕست ببوون و سەدان شەهیدیان دابوو و هێشتا لەهەموو لایەكەوە دەرگیری شەڕی داعش و چەتە تیرۆریستەكانی بوون.

لەم دۆخەدا داوای رزگاركردنی چیای عەبدولعەزیز، داوایەكی شێتانە بوو.

بەڵام ئۆجەلان لەپەیامەكەدا بە شەڕڤانانی گۆتبوو مان و نەمانی كورد لە رۆژاڤا پەیوەستە بە چیای عەبدولعەزیزەوە.

19ی ئایاری 2015 ، شەڕڤانان داواكەی ئۆجەلانیان جێبەجێكرد و چیای عەبدولعەزیزیان رزگار كرد.

رزگاری ئەو چیایە، یەكێكە لە گەورەترین وەرچەرخانەكان لە مێژووی رۆژاڤا و هەر چوار پارچەی كوردستاندا.

چیاكە كیانی رۆژاڤای دیاری كرد و بووە قەڵغانێك بۆ سوورپێكەوتن و پاراستن و بەهێزبوونی خۆسەری رۆژاڤا و بواری بۆ شەڕڤان رەخساند تا نێوانی كانتۆنەكانی كۆبانێ و جەزیرە بەتەواوی رزگار بكەن و دوو كانتۆنەكە بەیەكتر ببەستنەوە.

ئێستا ئەو چیایە قوڵایی عاڕەبی نییە و قوڵایی كوردستان و هێڵی بەرگری و پاراستنی رۆژاڤا و تارادەیەكیش شەنگالیشە.

ئەوسا و دوای رزگاری چیای عەبدولعەزیز تێگەییشتم ئۆجەلان شێت نەبوو، ئەوە من بووم ئۆجەلانم نەناسیبوو .

شێتی دووەمی ئۆجەلان بڕیاری بە لیستێك بەشداریكردنی كورد بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركەكاندا.

تا ئەوسا، رێژەی دەنگەكانی كورد بەگشتی نەدەگەێشتە 6٪ ی كۆی دەنگەكان و نەیدەتوانی بەربەستی 10٪ تێپەڕێنێت كە بۆ گەییشتن بۆ پەرلەمانی توركەكان پێویست بوو.

بۆ ئەوەی دەنگەكانی نەفەوتێن، كورد لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا بەكاندیدی سەربەخۆ بەشداری دەكرد.

تا ئەوساش، هەموو جارێ دەوری 30 كاندیدی سەربەخۆی دەگەیاندە پەرلەمان.

بەڵام ئۆجەلان گۆتی دەبێت كورد بەربەستی 10٪ تێپەڕێنێت. داوای لەهەدەپ كرد كە دەبێت بەلیست نەك بە كاندیدی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2015 بن و نەخشەڕێگایەكیشی بۆدانان.

من یەكێك بووم لەوانەی گۆتم ئۆجەلان شێت بووە و مەگەر موعجیزە ئەگینا چۆن كورد لە پڕێكدا لە 5٪ی رێژەی دەنگدان دەتوانێت باز بدات و بەربەستی 10٪ بشكێنێت و بگاتە پەرلەمان.

بەڵام كورد لەو هەڵبژاردنەدا و بە رێنماییەكانی ئۆجەلان رێژەی 13٪ی دەنگەكانی بەدەست هێنا و 80 كاندید بۆ پەرلەمان سەركەوتن.

هەرچەندە ئەردۆغان ئەو هەڵبژاردنەی رەتكردەوە و لە نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا و بە پەیڕەوكردنی تەزویر و زەبروزەنگ دژی كورد هەڵبژاردنیكی پڕ لە فڕ و فێڵی ئەنجام دا، بەڵام ئەمجارەش كورد بەربەستی 10٪ی تێپەڕاند.

لەوساوە كورد هێزی سێیەمی ناو پەرلەمانە.

ئەوساش دووبارە تێگەییشتم كە ئۆجەلان شێت نەبوو و من بە بیرۆكە شێتانەیەكانی ئۆجەلان ئاشنا نەبووم.

جارێكی تر و دوای 10 ساڵ ئۆجەلان دەركەوتەوە و وەك ئەوسا شێتی گرتویەتیەوە.

شێتییەكەی ئەمجارەی ئۆجەلان ئەوەیە كە دەبێت كورد رێژەی 20٪ی كورسی پەرلەمانی توركەكان بەدەست بێنێت و هاوشانی توركەكانیش ببێتە حوكمڕان و بڕیاربەدەستی ئەو وڵاتە و لەوێشەوە هاوكێشەی داگیركاری و ژێردەستەیی بكۆڕێت.

ئەم شێتییەی ئەمجارەی ئۆجەلان لە ئێستاوە لایەكی لە یار و نەیار لەگەڵ خۆیدا شێت كردووە. شێتترینیان ئەردۆغانە و ئەمڕۆ لە ماوەی 60 خولەك هەڵەوەڕیدا 60 جار ناوی كوردی هێنا.

ئەوە هێشتا سەرەتایە…

دوێنێ چەند كاتژمێرێك پێش نماییشی چەك سوتاندنەكەی هەڤاڵان نووسیم متمانەم بە باكور و ئەقڵە گەورەكەیەتی. ئەوسا كە وام نووسی هەردوو ئەزموونەكەی 2015 لەپێش چاو بوو.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share