وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، “ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، بەڵام بە داخەوە هەستدەكەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرامبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێن.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە ساڵانی رابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندینجار بۆ دەرخستنی راستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دروستبوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرادەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەستبوونە و لێرەدا رایدەگەیەنین كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و رێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاوڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە رەسمییەكانی هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.