هۆکاری دەرکەوتنی پەڵەیەکی پەمەیی لە ئاسمانی سعودیە ئاشکرادەکرێت

شەوی رابردوو پەڵەیەکی بازنەیی رەنگ پەمەیی لە ئاسمانی سعودیە دەرکەوت کۆمەڵەی گەردوونی وڵاتەکەش دەڵێت، بەهۆی دیاردەیەکی پەیوەست بە کەشوهەواوە روویداوە.

ئاژانسی هەواڵی سعودیە بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لەدوای خۆرئاوابوون پەڵەیەکی پەمەیی لە ئاسمانی باکووری رۆژئاوای سعودیە دەرکەوت کە بە چاوی ئاسایی لەلایەن هاوڵاتییانی ناوچەکەوە بینراوە و وێنەی گیراوە.

ماجد ئەبو زەهرە سەرۆکی کۆمەڵەی گەردوونی سعودیە ئاشکرایکرد، ئەمە دووەمجارە لەمساڵدا ئەو دیاردەیە رووبدات جاری رابردوو لە 13 ی ئایار روویدا.

ئاشکراشیکرد، دیاردەکە هیچ دەنگێک یان جووڵەیەکی لەگەڵدا نەبووە، بەهۆی بەهەڵمبوونی گازەکانی ئۆکسجین، باریۆم و سترۆنیۆم لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوا دروستبووە.

یەکێکی دیکە لە گریمانەکان بۆ دروستبوونی دیاردەکە رەنگدانەوەی تیشکی خۆرە لە چینە بەرزەکانی هەوادا.

جگە لەوەش بەدوور نازاندرێت بەهۆی پاشماوەکانی مووشەک و فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانی وڵاتەکە دروست بووبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share