وەزارەتی دارایی هەرێم: وەفدێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی کرد

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایدەگەیەنێت، وەفدێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی کرد.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە، هاتووە، “رۆژی چوارشەممە، وەفدێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی دکتۆر حەیدەر جاسم، بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی خانەنشینیی عێراق، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمیان کرد”.

ئەوەش هاتووە، “لە کۆبوونەوەیەکدا کە دکتۆر هاوڕێ کەمال، راوێژکاری وەزارەت و کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و ئەبوبەکر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر بابەتی لێبڕینی %3ـی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا کە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق، لە رێکەوتی 1ـی 1ـی 2014، تاوەکو 30ـی 6ـی 2024، لە رێکەوتی 1ـی 6ـی 2025ـەوە مانگانە بە قیست لێیان وەردەگیرێتەوە”.

وەزارەتی دارایی دەڵێت، “لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پرسی خانەنشینیی هێزەکانی پێشمەرگە و چۆنیەتیی هەژمارکردنی خزمەت و مووچەکانیان، لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، گفتوگۆی لەبارەوە کرا”.

وەزارەتەکە ئەوەشیخستووەتەڕوو، “لە رێکەوتی 13ـی 5ـی 2025، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانەوە بە رەسمی بانگهێشتی سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی و بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی خانەنەنشینیی عێراق کرا، بەمەبەستی کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share