وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری کۆتایی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی رابردوو بڵاوکردەوە و دەڵێت، داهاتی مانگی رابردووی هەناردەی نەوت زیاتر لە شەش ملیار دینار بووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، بەپێی ئاماری کۆتایی کە لەلایەن رێکخراوی بەبازاڕکردنی نێودەوڵەتیی نەوت (سۆمۆ) دەرچووە، کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 101 ملیۆن و 630 هەزار و 925 بەرمیل.
دەشڵێت، داهاتەکەی زیاتر لە شەش ملیار و 361 ملیۆن و 636 هەزار دۆلار بووە.
وەزارەتەکە باسلەوەشدەکات، کۆی گشتیی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی ئایار لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 100 ملیۆن و 365 هەزار و 335 بەرمیل بووە؛ هەناردەی کێڵگەی گەیارە بڕی 955 هەزار و 684 بەرمیل بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “بڕی نەوتی هەناردەکراو بۆ ئوردن، گەیشتووەتە 309 هەزار و 906 بەرمیل”.