دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئێستا چین دەتوانێت بەردەوامبێت لە کڕینی نەوت لە ئێران.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی Truth Socialـی خۆی نووسیویەتی، “بەهیوای ئەوەی، چین نەوتێکی زۆر لە ئەمریکاش بکڕێت”.
بەپێی چەند راپۆرتێکی دامەزراوەکانی وزە، چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە و رۆژانە، نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوت لەو وڵاتەوە، بە داشکانی 20٪ بۆ 30٪، هاوردەدەکات.
شارەزایانی بواری ئابوری باسلەوەدەکەن، لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە، چین رووبەڕووی پەککەوتنی گەورەی دابینکردنی نەوت دەبووەوە، چونکە پەکین بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە هاوردەکردنی نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبەستێت و بەشێکی زۆریشی، لە رێگەی گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت.
سەرۆکی ئەمریکا وەک ئاماژەیەک بەوەی کە بەهۆی نێوەندگیریی ئەوەوە، دووبارە چین دەتوانێت نەوت لە ئێران بکڕێتەوە، دەڵێت، “شەرەفێکی گەورە بوو بۆ من کە وامکرد ئەمە رووبدات”.