وەزارەتی بەرگریی قەتەر لەبارەی هێرشەکانی ئێوارەی ئەمڕۆی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگریی قەتەر-دا هاتووە، “دەوڵەتی قەتەر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی ئێران دەکات، کە بنکەی ئاسمانیی (ئەلعودەید)ـی کردە ئامانج. ئێمە ئەمە بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتی قەتەر و ئاسمانی وڵاتەکەی و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەزانین”.
دووپاتیشی دەکاتەوە، “قەتەر مافی خۆیەتی وەڵامی راستەوخۆ بداتەوە، بەشێوەیەکی هاوتا لەگەڵ سروشت و قەبارەی ئەم دەستدرێژییە بێشەرمانەیە، هاوتەریب لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان”.
دەشڵێت، “هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە کە بەرگریی ئاسمانیی قەتەر بە سەرکەوتوویی هێرشەکەیان پووچەڵکردەوە و رێگرییان لە مووشەکەکانی ئێران کرد”.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوەشدەکات، پێشتر ئەو بنکەیەی ئێران کردبوویە ئامانج، چۆڵکرابوو، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی گرژییەکانی ناوچەکە.