لاڤرۆڤ: پێویستە كورد لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆ بكەن

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا داوا لە كوردانی ڕۆژئاوا دەكات گفتوگۆی جدی لەگەڵ دیمەشقدا ‏بكەن و دەشڵێت، پرسی كورد لەئێستادا یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەم دەستپێكردنی ‏وتووێژی بەرفراوانە دەرباری چارەسەری دۆخی سوریا.‏

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی كارە ‏دیپلۆماتییەكانی وڵاتەكەی لە ساڵی 2021دا ڕایگەیاند، مۆسكۆ لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ ‏ئیلهام ئەحمەد، سەرۆكی دەستەی جێبەجێبەكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و هاوەڵە ‏كوردەكانیدا هەوڵدەدات “پێویستی دەستپێكردنی گفتوگۆی جدی لەگەڵ دیمەشق دەربارەی ‏ئەو دۆخەی كورد لەنێو دەوڵەتی سوریادا تیایدەژی”، ڕوونبكاتەوە.‏

وتیشی، هەندێك تێبینی لەلای حكومەتی سوریا هەیە بەرامبەر كورد، دیمەشق لەبیری ‏نەچووە كورد ڕێچكەی بەرهەڵسكاری حكومەتیان گرتووەتەبەر لە قۆناغەكانی ڕابردووی ‏ناكۆكییەكاندا.‏

وەزیرەكەی ڕوسیا جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی ئامانجە دیپلۆماسییەكە دەكرێت بێتەدی ‏لەڕێی “تێپەڕاندنی ڕابردوو و بونیادنانی پەیوەندی بۆ ئایندە”، ئاماژەی بەوەشكرد كە ‏سوریا لەم پرسەدا سوود لە ئەزموونی عێراق وەردەگرێت.‏

لاڤرۆڤ ئەوەی خستەڕوو، بەر لە دوو ساڵ لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ دیمەشق و هەولێر، ‏بە تەواوی پشتگیریی بیرۆكەی چڕكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كوردانی سوریا و ‏عێراقی كردووە، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی كوردانی هەرێم لەگەڵ براكانیاندا لە ‏سوریا.‏

وەزیرەكەی ڕوسیا دانیبەوەدانا كە پرسی كورد لە ئێستادا یەكێك لە ئاستەنگەكانی بەردەم ‏دەستپێكردنی وتووێژی بەرفراوانە دەربارەی چارەسەری ململانێكان، ڕوونیشیكردەوە، ‏لیژنەی دەستووری كە كۆبوونەوەكانی لە جنێڤ ئەنجامدەدات ژمارەیەك كورد ‏لەخۆدەگرێت، بەڵام نوێنەرایەتی سەرجەم لایەنە كوردییەكانی وڵاتەكە ناكەن.‏

ئەوەشی بەبیرهێنایەوە، كاتێك ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا نیازی ‏خۆی بۆ كشانەوەی تەواوی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا دەربری، كوردان بەخێرایی ‏پەیوەندییان لەگەڵ ڕوسیا گرێدا و داوای هاریكارییان كرد بۆ دەستپێكردنی وتووێژ لەگەڵ ‏دیمەشق، بەڵام ئەو گرنگیپێدانەیان دوای ئەوەی دیارنەما، تەنها بە پێداچوونەوەی واشنتن ‏بە بڕیارەكەیدا.‏

وتیشی، “ئەمە دنیایە، بەڵام پێویستە سیاسییە كوردەكان دوورتر لە ئاسۆ بڕوانن.. گومانی ‏تیانییە ئەوە ئەمریكییەكان نین كە چارەنووسی سوریا دیاریدەكەن”.‏

س: تاس + ‏RT

بابەتی پێشتر

شوێنەوارناسانی ئەوروپی بۆ دۆزینەوەی تاتەقوڕێکی چوار هەزار ساڵە گەڕانەوە عێراق

بابەتی دواتر

لە عەفرین تەقینەوەیەک ڕوویدا و کوژراو و بریندار هەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share