پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە دیداری رابردوویدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران، رایگەیاندووە، چەکێک کە لە ئەتۆم بەهێزتربێت، ئاشتییە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، “لە دیداری رۆژی 22ـی ئایاری مانگی پێشوودا، لەگەڵ دکتۆر پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێراندا، لە کرۆکی گفتوگۆکانماندا؛ جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە چەکێک کە لە ئەتۆم کاریگەرتر و بەهێزتربێت؛ (ئاشتی)یە، پێشنیازمکرد کە ئێران دەستپێشخەریی دیالۆگ و ئاشتیی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی؛ لە پێناوی سەقامگیریی ئاسایش و ئابوریی ئەم ناوچە هەستیار و گەرمەی دنیادا؛ رابگەیەنێت. مەترسییەکانی شەڕێکی چاوەڕوانکراو دووربخرێتەوە، بەتایبەتیی کە سەقامگیریی ئەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ دەکاتە سەقامگیریی هەموو دنیا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “جەنگی جیهانیی سێیەم پەنهانانە و هێواشانە دەستیپێکردووە؛ لە ئۆکرانیا، بڵێسەیدا، بە زۆر شوێنی ئەم ناوچەیە و دنیادا، بێ ئەوەی بارگە هەڵگرێت و بڕوات؛ تێدەپەڕێت، ئێستا کڵپەی سەندووە، تا ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا، هیچ یەکێک لە لایەنە دیار و بەشدار و هاندەر و پشتیوان و خۆحەشاردەرەکان؛ لەگەڵ ئەوەی دوا تەکنۆلۆجیای گوێهەڵخستن و هەواڵگریی و سیاسیی و سەربازیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و دۆست و بەیار و مقاش و دەستکێش و دەمامک و نەیار و کرێگرتە و بریکارەکانیان؛ دژی یەکتر بەکاربردووە؛ بەمانای دیدی سەربازیی؛ سەرکەوتوونەبوون، بە مانای بەها مرۆڤایەتییەکانیش؛ هەموو دۆڕاون”.
پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت، “بۆیە وادەخوازێت عیبرەت لە شکست بکرێت، کاتی ئەوەیە هێزی لۆژیک بخرێتەکار و، دەستپێشخەریی بۆ دیالۆگ و ئاشتیی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بکرێت، مرۆڤ و مرۆڤایەتیی و سروشت و ژینگە و گەردوون، لە شەڕ و جەنگ و ئەتۆم دەربازبکرێت، بەدەستی خۆمان ماڵە ئاوەدانەکەی زەوی؛ تەفروتونا نەکەین”.
لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “دەبێت لەسەر بنەمای ئاشتییەکی سەقامگیری لەنگەرگرتوو، کە مافی ژیان بە هەموو مرۆڤەکان، هەموو جیاوازەکان بداتەوە، نەخشی نەخشەی نوێی جیهان دابڕێژرێتەوە، جیاوازیی بکەینەوە بە بنەمای یەکترتەواوکردن، نەک یەکترلەناوبردن. بەڵێ بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانەی سەرتاسەریی گەردونی، نا بۆ شەڕ لە هەر شوێنێک بێت”.