پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی كوشتنی هاوڵاتییەك تۆمەتبارێك دەستگیركرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە ناحیەی تەكیە لە گەڕەكی رزگاری هاوڵاتییەك كوژرا، هێزەكانی پۆلیسی سنوورەكە دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیانپێكرد.
دەشڵێت، دوای لێكۆڵینەوەكان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر لە لایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی تەكیەی سەر بەبەشی پۆلیسی چەمچەماڵ و بە هاوكاریی مەفرەزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی چەمچەماڵ توانرا شوێنی تۆمەتباری هەڵاتوو دەستنیشانبكرێت و دەستگیربكرێت .
پۆلیسی سلێمانی باس لەوەشدەکات، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەریانخستووە كە تۆمەتبار بە چەكی جۆری دەمانچە هێرشی كردووتە سەر تاوانلێكراو و كوشتویەتی، ئێستا تۆمەتبار ( ر،أ،م ) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر ئەو چەكەی كە تاوانەكەی پێئەنجامدراوە .