دووانیان ژنن
ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی 17 ئەندامی داعش ڕادەگەیەنێت

ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی 17 “تیرۆریستی شانەی نەنوستووی داعش” لەلایەن هێزەكانی ئۆپەراسیۆن ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، دووانیان ژنن.

بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، تیرۆریستەکان لەسەر بنەمای زانیاریی ھەواڵگری و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە چەند ھەڵمەتێکی جیادا لە سلێمانی، چەمچەماڵ، تەکیە و باریکە دەستگیرکراون.

ڕاشیگەیاند، مەفرەزەی یەکەمی تیرۆریستە دەستگیراوەکان، کە پیلانیان دانابوو چەند ئەفسەرێکی باڵا لە ھێزی پێشمەرگە و چەند مامۆستایەکی دیاری ئاینی تیرۆر بکەن، پێکھاتوون لە حەوت تیرۆریست کە لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەونە ژێر کاریگەریی فکری توندڕەویی داعش و بانگەشە بۆ بڵاوکردنەوەی کار و چالاکییەکانی تیرۆریستان دەکەن.

ئەو گروپە دوای خۆڕێکخستنیان، سەرەتا پیلان دادەنێن بۆ تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و عەمید سەردار و موقەدەم ڕزگار حەمەساڵح و بابان تەھا لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەقاندنەوەی چەند بارەگایەکی حزبی، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

دەشڵێت، دوای بەدەستھێنانی بەڵگەی دروست و سەلمێنراو و زانیاری لەسەریان، کە پیلانی تەواویان داڕشتووە بۆ جێبەجێکردنی تیرۆرکردنی ژمارەیەک مامۆستا و زانای ئاینی کە داعش تەکفیریان کردوون و لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش کە بەشداربوون لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تا ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکەنەوە. پاش ڕەزامەندیی دادوەر ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی مەفرەزە و گروپەکان دەستیپێکرد.

ئاسایشی سلێمانی ڕوونیكردەوە، ڕۆژی 14ی ئابی 2022 لەناو بازاڕی سلێمانی لە ئەسحابەسپی تیرۆریستی ھەرە تاوانبار ( ئاکام بەھادین) ناسراو بە ئاکام کوردی لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیكە کە پیلانی تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و ژمارەیەک ئەفسەر و پێشمەرگە دادەنێن و ناوبازاڕی سلێمانی و ئەسحابەسپی دەستنیشاندەکەن بۆ وەرگرتنی پارە و چەک و ئەنجامدانی چالاکییەک تا بەھۆی قەرەباڵغییەوە بتوان مەرامەکانیان جێبەجێ بکەن و ھەڵبێن.

ئەو تیرۆریستانە دەخرێنە ژێر چاودێری و لەکاتی ھەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی چەک و پارەکە و جێبەجێکردنی چالاکییەکەیان، ھێزەکانی ئاسایش جوڵەیان پێدەکرێت بۆ دەستگیرکردنیان لەو کاتەدا لە ئەسحابەسپی، تیرۆریستان ڕووبەڕووی ھێزەکان دەبنەوە و تەقەکردن ڕوودەدات و ئاکام بەھادین و تۆمەتبارێکی دیكە دەستگیردەکرێن و ژمارەیەک تیرۆریستیی تریش ھەڵدێن کە بەداخەوە بەھۆی ئەم ڕووداوەوە ھاوڵاتیی ئەحمەد شەوکەت کە لە خێزانێکی دڵسۆز و خەباتگێڕن شەھید بوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە پاشان لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و تیرۆریستانی تر لەھەمان مەفرەزە لە چەند ئۆپراسیۆن و ھەڵمەتێکدا دەستگیرکران.

– تیرۆریست (محەمەد ئیبراھیم) ناسراو بە ئەبو جولەیبیب شەوی 16ی ئابی 2022 لە سلێمانی دەستگیرکرا.
– تیرۆریست (ڕێبین سادق) شەوی 16ی ئابی 2022 لە سلێمانی دەستگیرکرا.
– تیرۆریست (فریشتە حاتەم) ڕەگەزی ژن شەوی 19/18ی ئابی 2022 لە باریکە دەستگیرکرا.
– تیرۆریست (شیفا محەمەد) ناسراو بە جیھاد کوردی ڕەگەز ژن شەوی 19/18ی ئابی 2022 لە باریکە دەستگیرکرا.
– تیرۆریست (شادمان مەحمود) شەوی 20/19ی ئابی 2022 لە سلێمانی دەستگیرکرا.
– تیرۆریست (ڕێبەر ئەحمەد) ناسراو بە ئەبو دوگمە شەوی 20/19ی ئابی 2022 لە سلێمانی دەستگیرکرا.

دەربارەی مەفرەزەی دووھەم گروپی چەمچەماڵ و تەکیە، ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی ھەرێم، لەھەمان کاتدا جوڵە و مەرامەکانی مەفرەزە و تاقمێکی تری تیرۆریستی لە تەکیە و چەمچەماڵ دەخەنە ژێر چاودێری ورد کە پەیوەندییان لەگەڵ گروپەکەی سلێمانیدا ھەبوو و وەک شانەی نەنستووی داعش لە چالاکیدان.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای بەدەستخستنی زانیاریی دروست و ئاشکرابوونی پیلانەکانیان، خرانە ژێرچاودێری، شەوی 18/17 لە چەمچەماڵ لەکاتی ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ چوونیان بۆ ناو تیرۆریستانی داعش پێنج لە ئەندامەکانیان بەھاوکاریی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکران کە دانیشتووی تەکیەن، دانیان بەتاوانەکانیاندا نا، کە سێجار ھەستاون بە تێکدان و شکاندنی کێلی مەرقەد و پیاوچاکانی شێخانی کانی چنار لە گوندی کانی چنار و دارئەسحابە و، پەیکەری عەبدولرەحمان پاشای بابان-یشیان لە دەربەندی بازیان سوتاندووە، لە چەندین شوێن و جێگای جیاوازیش دروشمی تیرۆریستانی داعشیان نووسیووە و ئاڵای تیرۆریستانیان ھەڵکردوە و دووجاریش ئاڵای کوردستانیان لە دەربەندی بازیان شێواندوە و لەھەوڵی بەدەستخستنی چەکیشدا بوون تا چەند چالاکییەک ئەنجام بدەن.

دەستگیركراوەكان
– تیرۆریست (زێوەر زاھیر)
– تیرۆریست (بێستون حەکیم ) ناسراو بە سەلاحەدین بن عەبدولعەزیز
– تیرۆریست (ئەیوب کەمال)
– تیرۆریست (بڕوا عەدنان) ناسراوە بە مەروان کوردی
– تیرۆریست (بەڵێن سەباح) ناسراوە عوبەیدە کوردی

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكرد، ھەر پەیوەست بەھەمان گروپەوە لە ئۆپراسیۆنێکدا لە تەکیە شەوی 21/20ی ئابی 2022 تیرۆریست (محەمەد جومعە) دەستگیرکرا .

ئەوەش دەڵێت، لەبارەی شکستپێھێنانی مەرامی تیرۆریستان لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و شەوی 23/22ی ئابی 2022 لە چەمچەماڵ و تەکیە، ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان ھەبووە بەم گروپەوە بەھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیراکران و لەبەر ھەستیاری دۆسیەکە، ناو زانیارییەکانیان بە شاراوەیی ھێڵرایە تا تەواوبوون لێکۆڵینەوەکان زانیاری زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک ئاشکرادەکەین.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەشیدا ئاسایشی سلێمانی بەناوی بەڕێوەبەر و سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانیەوە ھاوخەمی قووڵ ئاڕاستەی بنەماڵەی شەھید (ئەحمەد شەوکەت) دەکەن، کە لەکاتی شکستپێھێنانی پیلانەكە شەهیدبوو.

بابەتی پێشتر

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد: چاودێریی دۆخی عێراق دەكەین

بابەتی دواتر

دەسەڵاتی دادوەری دەستبەكاردەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە سلێمانی دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گیرا كە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی لە هەولێر بۆ دەركرابوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گیرا كە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی هەبووە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی عەنكاواوە. بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی…
Total
0
Share