هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد

ئیدارەی راگەیاندنی وزەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لەم هەفتەیەدا، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

ئیدارەی راگەیاندنی وزەی ئەمریکا خشتەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، “ئەم هەفتەیە، هاوردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئەمریکا، بە تێکڕا پێنج ملیۆن و 456 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، ئەمەش بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر، 35 هەزار بەرمیل کەمیکردووە”.

دەشڵێت، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بە تێکڕا 84 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، کە بەراورد بە هەفتەی پێشتر، 130 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە.

ئەوەش هاتووە، “یەکەمین هەناردەکاری نەوت بۆ ئەمریکا لەم هەفتەیەدا، کەنەدا بووە، بە تێکڕای سێ ملیۆن و 835 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە دوای ئەویش مەکسیک دێت، بە تێکڕای 526 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەرازیل بە تێکڕای 467 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و ئیکوادۆر بە تێکڕای 184 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە ریزبەندیی سێیەم و چوارەم دێن”.

ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئاشکراشیدەکات، لەم هەفتەیەدا هیچ بەرمیلێکی نەوت لە سعودیە و لیبیاوە هاوردەی وڵاتەکە نەکراوە، لەکاتێکدا لە هەفتەکانی رابردوودا، ئەو دوو وڵاتە لە ریزبەندیی وڵاتانی پێشەنگی هەناردەکاری نەوت بوون بۆ ئەمریکا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share