نێچیرڤان بارزانی: ئاژانسی هەواڵی فارس هەوڵیداوە ڕاستییەكان بشێوێنێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئاژانسی هەواڵی فارس لەڕێگەی بەرهەمهێنانی دوو فیلمەوە هەوڵیداوە ڕاستییەكان بشێوێنێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 26ی كانونی دووەم ڕاگەیەنراوێكی بلاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لەم ماوەیەدا ئاژانسی هەواڵی فارس لە ئێران، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی دوو فیلمه‌وه‌ لەسەر هەولێر و پێشمەرگە و شەڕی داعش، “هەوڵیداوە ڕاستییەكان بشێوێنێت و سوكایەتی بە پێشمەرگە و سەركردایەتيی هەرێمی كوردستان بكات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بشارێتەوە”.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، “هاوكارییەكانی ئێران بۆ هه‌رێمى كوردستان لە كاتی شەڕی داعشدا پەیوەندییەكانی نێوانمانی بەهێزتر كرد، ئەو ئاژانسە فەرمییە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو كارەی هەوڵدەدات زیان بە پەیوەندییەكان و دۆستایەتيی نێوانمان بگەیه‌نێت. ئەو کارە گیانی ئەو شەهیدانەش ناشاد دەكات كە ئەو ڕۆژانە پێكەوە لە یەك سەنگەردا بەرامبەر داعش شەهید بوون”.

ئاماژەشدەدات، پشتیوانییەكانی ئێران لە كاتە سه‌خته‌كاندا بۆ خەڵک و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و لە سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان كه‌ بە چەك و تەقەمەنی و ژمارەیەك ڕاوێژكار بە فەرماندەیی فەرماندە قاسم سلێمانی، هاوكاريی پێشمەرگەیان كرد، هەمیشە جێگەی سوپاس و ڕێزە. هەروەك چۆن هاوكاريی هاوپەیمانیی نێودوڵەتيی دژی داعش، بەتایبەتی هاوكاريی كاریگەر و ماوەدرێژی ئەمه‌ریكا، هەروەها هاوكاريی وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەكە، بە هەمان شێوە هاوكاريی حیزبە كوردستانییەكانیش لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان لەبیرناكرێن.

سەرۆكی هەرێم دوپاتیشیدەكاتەوە، ئێمە ئەو دوو فیلمە بە سوكایەتیكردن بە خۆڕاگريی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتيی هەرێمی كوردستان دادەنێین، هەروەها بە سوكایەتیكردن بە قارەمانیيەتيی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانی كوردستان و لە هەمان كاتدا بە سووكایەتیكردن بە بنەما و باوەڕەكانی “فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانی دادەنێین”. هاوكات “داوای هەڵوێستێكی گونجاو لە كۆماری ئیسلامیی ئێران” بەرامبەر ئەو دوو فیلمە دەكات.

بابەتی پێشتر

پنتاگۆن هەڵسەنگاندن بۆ زیادکردنی بنکە سەربازییەکانی دەکات لە سعودیە

بابەتی دواتر

پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق لە بەردەم چەند پێشنیارێكدایە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شەقامێكی سلێمانی دادەخرێت

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ئاگاداری شۆفێران و هاوڵاتییان دەكاتەوە، بەهۆی كاركردن لە یەكتربڕی (ئارام)، شەقامی سەرەكیی لە گەڕەكی مامەیارەوە…
Total
0
Share