فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم: هەر هاوڵاتییەک لە تورکیا گیری خواردبێت بۆ گەڕانەوە ڤیزای ترانزێتی پێدەدرێت

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەو هاوڵاتییانەی لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ گیریان خواردووە ڤیزای ترانزێتیان پێدەدرێت و بە رێگای وشکانی دەگەڕێندرێنەوە هەرێم.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی کە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ گیریان خواردووە، لە رێگای لیژنەیەکی تایبەت لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووین بۆ ئەوەی بە رێگای وشکانی ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت بە تایبەت ئەوانەی ڤیزایان نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە قوناغی یەکەمی ئەم پرۆسەیە توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیکەی 300 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت، ئەمڕۆ 50 کەس بە هەماهەنگی و هاوکاری سەرپەرشتیار و بەڕپرسانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل- خابوور داخڵی هەرێمی کوردستان بوون و تا شاری هەولێر پاسیان بۆ دابینکرابوو.

جەختیشیکردەوە، لە رێگای کونسوڵگەری گشتیی تورکیا لە شاری هەولێر ئاگادارکراینەوە کە هەموو هاوڵاتییەکی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی لە هەر وڵاتێک بێت و بیەوێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنیان بۆ وڵاتی تورکیا ڤیزای ترانزێتی پێنچ رۆژەیان پێدەدرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share