نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی جەژنی قورباندا، زیاتر لە 89 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، “لە رۆژانی جەژن، ژمارەی ئەو گەشیارانەی سەردانی هەولێریان کردووە، بریتیبووە لە (89 هەزار و 301) گەشتیار”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی رۆژانی جەژندا، 17 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە لە ئەنجامیاندا، کەسێک گیانیلەدەستداوە و نۆ کەس برینداربوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، 16 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی جیاجیا روویانداوە و جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر باسیلەوەشکرد، “کۆى گشتیى سەرجەم ئەو نەخۆشانەى سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە شەش هەزار و 575 نەخۆش بووە، 305 حاڵەت و رووداوى جۆراوجۆر چارەسەریان بۆ کراوە، 71 منداڵ لەدایکبوون (40 کچ و 31 کوڕ)، 87 نەشتەرگەرى ئەنجامدراوە و 383 حاڵەتى شوشتنی گورچیلەش، هەبووە”.