بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و خالید شوانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و عەباس رازی، ئەمینداری چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەیبوون، دووپات لە پێویستیی خێراکردنی هەوڵی لایەنە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزی نیشتمانی و خزمەتگوزار لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەخێرهاتنی عەلی زەیدی کرد بۆ سلێمانی و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی گەنجێک ئەو پۆستە باڵایە لە عێراق وەردەگرێت و پشتیوانیی یەکێتی بۆ دووپاتکردەوە.
چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر کرایەوە و بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، ئامانجی ئێمە دروستکردنی حکومەتێکی بەهێزە کە ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان دابینبکات، ئاڵنگارییە ئابوری و ئەمنییەکان تێبپەڕێنێت و مافی تەواوی گەلانی عێراق و بە تایبەتی گەلی کورد بەگوێرەی دەستوور بپارێزێت.
لای خۆیەوە، عەلی زەیدی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانیکردنی سلێمانی دەربڕی و سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد بۆ پشتگیرییەکانی یەکێتی و جەختی لە هەماهەنگیی بەردەوامی لە نێوان هەردوولا بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق کردەوە.