رەخنەیەکی ئیڵۆن مەسک ترەمپ تووڕە دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایی خۆی لە رەخنەکانی ئیڵۆن مەسک لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمریکا، دەربڕی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە دیدارێکیدا لەگەڵ فریدریچ مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “من و ئیڵۆن، پەیوەندییەکی گەورەمان هەبووە، نازانم بەردەوام دەبێت یان نا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرسام بووە” بەو رەخنانەی کە لەلایەن مەسک-ەوە، ئاراستەی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمریکا کراوە، ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە جێهێشتنی پۆستەکەی وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی کارایی حکومەتی ئەمریکا.

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، “زۆر بێهیوا بووم لە ئیڵۆن، زۆر یارمەتیمدا، ئەو وردەکارییەکانی پڕۆژەیاساکەی باشتر لە هەموو کەسێکی ئێرە دەزانی، هیچ ناڕەزایەتییەکی بەرامبەر بەو پڕۆژەیاسایە نەبوو؛ لەناکاو ناڕەزایی دروستبوو”.

چەند خولەکێک دوای ئەم لێدوانە، مەسک وەڵامی ترەمپی دایەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، “ترەمپ هەڵەیە، هەرگیز ئەم پڕۆژەیاسایەم نیشاننەدراوە، ئەوەندە بە خێرایی پەسەندکرا، کە کەمترین کەس لە کۆنگرێسدا توانییان بیخوێننەوە”.

دوێنێ چوارشەممە، ئیڵۆن مەسک داوای لە هاوڵاتییانی ئەمریکی کرد، فشار بخەنە سەر یاسادانەران، بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای گەورەی باج و خەرجییەکانی ترەمپ، رەتبکەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share