5ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی ژینگە ناسراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامانجی پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کارەساتە ژینگەییەکان رۆژەکەی دیاریکردووە.
ئەمساڵ رۆژی جیهانیی ژینگە تیشک دەخاتە سەر بەڵگە زانستییە پەرەسەندووەکان لەسەر کاریگەرییەکانی ژینگە بەهۆی پلاستیک و بنیاتنانی زەبری گشتیی جیهانی بۆ رەتکردنەوەی پلاستیک، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی، ریسایکلکردنی، یان دۆزینەوەی جێگرەوەی پلاستیک لەپێناو داهاتوویەکی پاکتر و بەردەوامتردا.
ساڵانە زیاتر لە 400 ملیۆن تۆن پلاستیک لە سەرانسەری جیهاندا بەرهەمدەهێندرێت، کە نزیکەی نیوەی ئەو پلاستیکە بۆ مەبەستی یەکجار بەکارهێنانە، لەم بڕە زۆرە کەمتر لە 10%ی ریسایکل دەکرێت.
بەپێی خەمڵاندنەکان، ساڵانە 11 ملیۆن تۆن پلاستیک فڕێدەدرێنە دەریاچە، رووبار و زەریاکان، کە یەکسانە بە کێشی دوو هەزار و 200 تاوەری ئیڤڵ بە کۆی گشتی.
مایکرۆپلاستیکەکان- تەنۆلکەکان کە تیرەکەیان کەمترە لە پێنج ملیمەترە دەچنە ناو خواردن و خواردنەوە و بەپێی خەمڵاندنەکان ساڵانە مرۆڤ زیاتر لە 50 هەزار گەردیلەی پلاستیکی دەخوات.
پاشماوەی پلاستیکی یەکجار بەکارهێنراو، کە فڕێدەدرێت یان دەسوتێنرێت، زیانێکی بەرچاو بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت و هەڕەشە لە جۆراوجۆریی زیندەوەرەکان دەکات لە لوتکەی شاخەبەرزەکانەوە تاوەکو قووڵایی زەریاکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، رێگای زانستی و کاریگەر لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کارەساتە، حکومەتەکان، بازرگانەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەبێت بە خێرایی کارەکانیان گەورە بکەن و رێوشوێنی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە و قەیرانە بگرنەبەر.
رۆژی جیهانیی ژینگە بۆنەیەکی جیهانییە بە سەرپەرشتیی پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 1973ەوە هەموو ساڵێک لە 5ی حوزەیران ئاهەنگ دەگێڕدرێت، گەورەترین سەکۆی جیهانە بۆ هۆشیاری ژینگەیی، بە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەشداریدەکەن. کۆماری کۆریا میوانداریی چالاکییەکەی ئەمساڵ دەکات.