کازمی لە ژێر فشارێکی زۆردایە بۆ پاشگەزبوونەوە لە گۆڕانکاریی فەرماندە ئەمنییەکان

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی کانونی دووەم ڕایگەیاند کە لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە فشارێکی زۆر لە مستەفا کازمی دەکرێت تاوەکو پاشگەز ببێتەوە لە بڕیاریی گۆڕانکاری لە فەرماندە ئەمنییەکاندا.

میدیا عێراقییەکان لە زاری نەدا شاکر جەودەت، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاویانکردەوە، “هێزە سیاسییەکانی عێراق فشارێکی زۆر لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆئەوەی لە بڕیارەکانی ئەمدواییەی گۆڕانکاریی لە فەرماندە ئەمنییەکان پاشگەزببێتەوە و گۆڕانکاری لە هەندێک لە بڕیارەکاندا بکات و هەندێکیشیان هەڵوەشێنێتەوە”.

ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە دەڵێت، “ئەمە نیشانەیە بۆئەوەی کە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە کۆنترۆڵکراون”.

باسی لەوەشکردووە کە دامەزراوە ئەمنییەکان لەژێر دەسەڵاتی حزبی و تایفی دان، ئەمەش هۆکاری شکستهێنانی ئارامی و سەقامگیرییە لە عێراق، بۆیە دەبێت ئەو کەسانەی لەو پۆستانەدا دادەنرێن دوربن لەلایەنداری سیاسی و کەسی، بەبێ ئەمە لایەنی ئەمنی دەکەوێتە مەترسییەوە.

لە ڕۆژی 21ی کانونی دووەمدا، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە گۆڕینی پێنج فەرماندەی دیاری ئەمنی، ئەمەش دوای ئەو تەقینەوەیەی لە بەغداد ڕویدا.

بابەتی پێشتر

بەرشلۆنە قەرزداری (19) یانەیە و سەرۆکی نوێ خەزێنەیەکی وێران وەردەگرێت

بابەتی دواتر

پیاوێك لە فرانكفۆرت بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەر ژمارەیەك هاوڵاتی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share