رۆژنامەیەک بڵاویکردەوە، سودانی کێشەکان چارەسەر دەکات و مووچەی مووچەخۆرانى هەرێم دەنێرێت.
رۆژنامەى شەرقل ئەوسەتى چاپى لەندەن لە ژمارەى ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق هەنگاودەنێت بۆ چارەسەرى گرفتى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم.
رۆژنامەکە لە زارى سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، سودانى پەیوەندى بە فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغداد کردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ دیدار لەگەڵ نوێنەرانى فراکسیۆنەکان.
روونیشیکردەوە، لاى خۆشیەوە ئەمریکا دەستیکردووە بە جموجوڵ بۆ چارەسەرى گرفتەکە بە بانگێشتکردنى لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ یەکلاکردنەوەى ناکۆکییەکانى نێوان بەغداد و هەولێر، هەردوولایشى هانداوە بۆ پابەندبوون بە ناوەرۆکى بڕگەکانى دەستوور.
چوارشەممەى رابردوو 28ى ئایار وەزارەتى دارایى عێراق هەرێمى کوردستانى ئاگادارکردەوە کە چیتر پارەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم دابینناکات بەهۆى تەواوبوونى پشکى هەرێم لە بودجەى گشتیی سێ ساڵەى عێراق.
بەر لەو نووسراوەش واژووکردنى رێککەوتن لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمریکیی بوارى وزە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە بۆ پەرەپێدانى ژمارەیەک کێڵگە، ناکۆکى لەنێوان هەردوولا هێنایە ئاراوە.