بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، رایگەیاند، تووشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تەنها دانیشتووی سلێمانی نین.
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، بەڵام سەرجەمیان مەرج نییە دانیشتووی سلێمانی بن، بەڵکو بەشێکیان دانیشتووی خوارووی عێراقن.
وتیشی، بەشێکی تووشبووانی شێرپەنجە رۆژانە خۆیان لە دەرەوە بە خەرجییەکی زۆر دەرمان دەکڕن، بۆیە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری تەندروستی کار لەسەر خەرجکردنی زیاتری بودجە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بکەن.