کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوە لە کاندیدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت لە ناویشیاندا لە راست و دروستی بڕوانامەکانیان دەکۆڵدرێتەوە.
موهەنەد سەفار ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، کۆمسیۆن ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ 12 دەزگا و لایەن دەنێرێت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و وردبینیکردن لە سیڤییەکانیاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لە بڕوانامەکانیان لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکرێت، دواتر دەنێردرێت بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت لەوەی هیچ دۆسیەیەکی ئەمنی یان تاوانییان لەسەر نییە، ئەمە جگە لە ناردنی بۆ دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێشمەرگە، دەستەی دەستپاکی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و چەند دەزگایەکی دیکە.