کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوا لەو کەسانە دەکات کە لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2013، لە پارێزگای نەینەواوە ئاوارە بوون و لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن.
نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نەینەوا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئەو ئاوارانەی کە لە نێوان ساڵانی 2004 تا پێش ساڵی 2013، ناچاربوون پارێزگای خۆیان بەجێبهێڵن و لەئێستادا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) نیشتەجێن، بانگهێشت دەکرێن سەردانی ناوەندەکانی تۆماری کۆمسیۆن بکەن، بۆ دووبارە تۆمارکردنەوەی بایۆمەترییەکەیان و نوێکردنەوەی داتاکانیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو دەنگدەرانەی لە یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێم کارتی دەنگدەریان پێدراوە و کارتی بەشەخۆراکیان لە نەینەوا دەرچووە، ئێستا دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن لە هەرێم یان نەینەوا، بۆ گەڕاندنەوەی کارتی دەنگدانەکانیان بۆ پارێزگای نەینەوا یان بۆ پارێزگا رەسەنەکانیان کە لێیەوە ئاوارەبوون”.