وەزارەتى بازرگانیی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرجەم ماددەکانى بەشە خۆراکى مانگانە و سەبەتەى خۆراک پشکنینى تاقیگەییان بۆ دەکرێت.
محەمەد حەنون، وتەبێژى وەزارەتەکە لە لێدوانێکدا رایگەیاند، وەزارەتى بازرگانى بە ئاراستەى جیاجیا کاردەکات بۆ پاڵپشتیی بەشە خۆراک، بۆ دابینکردنى ئەو پێداویستییانەى بەشداردەبن لە هێنانەدى ئاسایشی خۆراکدا.
وتیشى، “سەرجەم ماددە خۆراکییە کۆگاکراوەکان پشکنینى تاقیگەییان بۆ دەکرێت”. ئەوەشى وت، بۆ نمونە دۆشاوى تەماتە 15 رۆژ لە بەشى پشکنین دەبێت، شەکر پێنج رۆژ و ماددە پاقلەمەنییەکان سێ رۆژ.
حەنون روونیشیکردەوە، لە پشکنینەکاندا پشت بە پێوەرە عێراقییەکان دەبەستن کە وەزارەتى پلاندانان دیاریکردووە، بۆ ئەوەش تاقیگەى پێشکەوتوویان هەیە.
دووپاتیشیکردەوە، هاوڵاتى هەر تێبینییەکى لەسەر پشکنینى ماددە خۆراکییەکان هەبوو، دەتوانێت پێشکەشى بکات.