وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ساڵی داهاتووەوە بڕیاری ئەژماركردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەكانی (كوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە ساڵی داهاتوو واتە ساڵی خوێندنی 2025- 2026 بەدواوە بڕیاری ئەژماركردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەكانی (كوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێتەوە، واتە ئەو قوتابی و خوێندكارانەی لە ساڵی داهاتوو بە دواوە لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، وانەی زمانی كوردی و عەرەبی وەك سەرجەم وانەكانی دیكە لە سیستمی وەرگرتن ئەژماردەكرێت.
هاوكات لە نووسراوێكیشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەكات ئاگاداری سەرجەم خوێندكاران و قوتابیان بكرێت بە مەبەستی ئاگاداربوون لەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا.
جێی ئاماژەبۆكردنە بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئارەزوومەندانەی وانەكانی (كوردی و عەرەبی) لە پۆلی دوانزەی ئامادەیی، لە كۆبوونەوەی ژمارە 7ی ساڵی 2022ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچووە.