وەزیری دارایی باس لە چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسی مووچە دەكات

وەزیری دارایی هەرێم دوا زانیاری لەبارەی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر مووچە ئاشكرادەكات.

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم لەبارەی دوایین هەنگاوەکانی گفتوگۆی نێوان وەفدی دانوستانکاری هەرێم و حکومەتی عێراق رایگەیاند، لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە رێکكەوتوون، بە جۆرێک پرسی مووچەی فەرمانبەران چارەسەربکرێت و لە هەموو کێشە و پابەندییەک جیابکرێتەوە.

هیوایشخواست “بەزووترین کات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چارەسەربکرێت”.

دەربارەی دۆسیەی نەوتیش ئاوات جەناب وتی، “لێکتێگەیشتنی باش بۆ چارەسەری پرسەکە هەیە”.

ئەو وتانەی وەزیری دارایی هەرێم ئەمڕۆ لەمیانەی كۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ یان برێم کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم.

ئەوەش لەكاتێكدایە  ئاوات جەناب نوری دوێنیش لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ووردبینی بۆ داتا و زانیارییەکان کراوە و وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم هەموو رێکارەکانی جێبەجێکردووە.

وتیشی، “یاسای بودجە ستەمێکی گەورەی لە هەرێمی کوردستان کردووە، حکومەتی فیدراڵیش درکی بەو ستەمە کردووە، لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوانمان لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە رێککەوتووین”.

رەوانەكردنی پشكی تەواوی هەرێم بەستراوەتەوە بە هەمواری چەند بڕگەیەك لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق، كە پێشتر دەوترا لە سەرەتای ئەمساڵ و لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدەدرێت، بەڵام تائێستا هەمواركردنەوەكە دواخراوە.

بۆ چارەسەری ئەو گرفتەش حكومەتی عێراق بڕیاریدا بۆ ئەم مانگە 618 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، بەڵام تائێستا سەرەڕای نزیكبوونەوەی ئەم مانگە لە كۆتاییەكەی پارەكە رەوانە نەكراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە دوا مووچەی دابەشكراو لە هەرێم مووچەی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووە و تائێستا چارەنووسی سێ مووچەی ساڵی رابردوو و مووچەی ئەم مانگە نادیارە.

بابەتی پێشتر

بەشیر حەداد: دەبێت هەرێم بیر لە خۆژیاندن بكاتەوە

بابەتی دواتر

ئەمریكا و هەرێمی كوردستان لەسەر چەند خاڵێكی تایبەت بە یەكخستنەوەی پێشمەرگە رێككەوتن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share