وەزارەتى سامانە سروشتییەکان رایدەگەیەنێت، ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی HKN و WesternZagros کردوونى، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانیان بە یاسایی و رەواییاندا ناوە.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە روونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە.
دەشڵێت، “لە هەمانکاتدا دووپاتیدەکەینەوە کە ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی HKN و WesternZagros کردوونى، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانیان بە یاسایی و رەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە”.
سامانە سروشتییەکان روونیشیدەکاتەوە، تەنها کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی رێکارە یاسایی و گرێبەستییەکانی هاتوو لە رێککەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت و گاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین.
وەزارەتەکە دووپاتیشیدەکاتەوە، ئامانج لەو رێککەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆییە لە رێگەی زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق.