جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، رۆڵێکی چالاکمان گێڕاوە لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بۆ چارەسەری ئابوری.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی دێڵفی، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، “میوانداریکردنی ئەم کۆڕبەندە لە سلێمانی جێگای شانازییە بۆ شارەکەمان و پێشوازییەکی گەرم لە میوانەکان دەکەم”.
وتیشی، “سلێمانی لەمێژە وەک پایەی کلتوری، خۆڕاگری و ئازادی وەستاوە، تەنانەت لە سەختترین کاتەکانیشدا وەک شاری داهێنان ماوەتەوە، کەواتە جێی خۆیەتی سلێمانی میوانداریی گفتوگۆیەکی جیهانی بکات سەبارەت بە ئاشتی، پێشکەوتن و هاوکاریی ئابوری”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمڕۆ لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ململانێی بەردەوام، ئاوارەبوونی زۆرەملێ و دابەشبوونی قوڵی سیاسی هەیە”.
جێگری سەرۆک وەزیران ئەوەشی وت، “توانامان هەیە پەیوەندیی بنیاتنەر لەگەڵ سەرانسەری جیهاندا دروستبکەین و وەک پردێک لە ناوچەکەدا رۆڵ دەبینین”.
“سلێمانی پڕە لە توانا و ئامادەین هاوبەشی بکەین لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە دیدگای ئێمەیان هەیە بۆ گەشەپێدانی گشتگیر و بەردەوام”، قوباد تاڵەبانی وای وت.
لە کۆتایی وتارەکەشیدا رایگەیاند، “پەیوەندیی نێوان کوردستان و یۆنان، تادێت پتەوتر دەبێت و ئەنجامدانی ئەم کۆڕبەندەش شایەتیی ئەوە دەدات”.