بافڵ جەلال تاڵەبانی: بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە هەنگاوێکی مێژووییە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، “بڕیاری پەکەکە بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان لەم قۆناغە هەستیار و چارەنوسسازەدا هەنگاوێکی مێژووییە و پێشوازیی لێدەکەین”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە پەرۆشە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و هاوکار و پشتیوانی هەموولایەک دەبین بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە، پێمانوایە چەکدانان بەشێکی پرۆسەکەیە و دەبێت هەنگاو و بەشەکانی دیکەی پرۆسەکە جێبەجێبکرێت تاوەکو بگەینە ئەو ئامانجانەی هەوڵمان بۆیان داوە”.

دەشڵێت، “ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال دا ستراتیژی نیشتمانیی خۆمان ئاڕاستە دەکەین کە وەک یەکەم سەرکردە شانی دایە بەر سەرپێخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە”.

دووپاتیشی دەکاتەوە، “تەنیا رێگا بۆ سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کوردە”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژە بەوەشدەکات، “هیوام سەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە لە باکووری کوردستان و تورکیا تاوەکو لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان هەڵبدرێتەوە و هەنگاو بۆ کارکردنی پێکەوەیی بنرێت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی کوردستان هەبێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share