كۆرۆنا لە سلێمانی.. تەنها 27 توشبوو لە نەخۆشخانەكاندان

چوار ڕۆژە هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارنەكراوە

بەرپرسێكی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، دوو نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا چۆڵ بووە و تەنها 27 توشبوو لە دوو نەخۆشخانەكەی دیكە ماونەتەوە.

تادێت ژمارەی توشبووان بە كۆرۆنا لە سلێمانی و شارەكانی دیكەی هەرێم ڕوو لە كەمبوونە، بەڵام بەرپرسانی بوارەكە ترس لە گەیشتنی جۆرە گۆڕاوەكەی ڤایرۆسەكە ناشارنەوە.

هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 25ی كانونی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، هەردوو نەخۆشخانەی شەهید تاهیر و ئاسا-ی تایبەت بە توشبووانی كۆرۆنا لە ئێستادا چۆڵ بوون و هیچ نەخۆشێكیان تیادانییە.

وتیشی، “لەئێستادا تەنها 27 توشبوومان هەیە كە لە نەخۆشخانەكانی شەهید ئاسۆ و شەهید هێمن ماونەتەوە”.

“چوار ڕۆژە هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارنەكراوە و، توشبووانیش بەردەوامە لە داكشان، وەك ئەوەی هێرش سەید سەلیم باسیكرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕۆژانە نزیكەی 400 تا 600 پشكنین ئەنجامدەدرێت، بەڵام حاڵەتەكانی پۆزەتیڤ كەمن.

جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لە جۆرە گۆڕاوەكەی كۆرۆناش كرد كە لە وڵاتانی ئەوروپا و بەشێكی دیكەی وڵاتانی جیهان بڵاوبوونەتەوە و وتی، لە وڵاتی ئوردون حاڵەتەكان زیادیكردووە و 400 حاڵەتی جۆرە گۆڕاوەكەی ڤایرۆسەكە تۆماركراوە.

ڕونیشیكردەوە، نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ كە پێشتر بەتەواوی بۆ كۆرۆنا تەرخانكرابوو، لەئێستادا هەندێك لە خزمەتگوزارییەكانی پێشووی تایبەت بە نەخۆشییەكانی چاوی تیادا دەستپێكردووە و لەوانەش ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەكە دەستیپێكردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

شاندی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

کۆنتی ژمارەکانی مۆرینیۆ لە ئینتەرمیلان تۆماردەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share