بەرشلۆنەی کومان لە یەکەم گەورە تاقیکردنەوەدا یەکسانبوونی تۆمارکرد

ئەمشەو، یەک شەممە لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی هەفتەی پێنجەمی خولی پلە یەکی ئیسپانیا، یانەی بەرشلۆنە لە کامپ نو میوانداری ئیشبیلیەی کرد.

تایمی یەکەم هەردوو یانە لە ڕووەکانی تاکتیکی و هونەرییەوە بەهێز دەرکەوتن و ڕاستەوخۆ مەترسیان بۆسەر گۆڵی یەکدی دروستکرد.

لە خولەکی هەشت لوک دی یۆنگی هۆڵەندی گۆڵی یەکەمی میوانە ئەندەلوسییەکانی تۆمارکرد، تەنها دوای دوو خولەک (خولەکی 10) فیلیپی کۆتینیۆ گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمارکرد.

لەو تایمەدا یاریزانانی کومان لە پۆزیشن و گوشاردا توانیان نمونەیەکی جوانی یاریکردن نیشانی هەوادارانیان بدەن، لە بەرانبەردا ئیشبیلیە وەک یەکێک لە گەورەکانی ئیسپانیا و ئەوروپا هاوشانی یانەی خانەخوێیان کرد، بەڵام جەمسەرەکان سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمارکردنی گۆڵی دیکە و ئەو تایمە بە یەکسانبوون (1-1) کۆتاییهات.

لەتایمی دووەمدا جولین لوپێتیگی چەند گۆڕانکارییەکی تاکتیکی ئەنجامدا و توانی باشتر لە تایمی یەکەم کێبڕکێی کەتەلۆنییەکان بکات.

لەلایەک لیۆ مێسی و هاوڕێیانی و لەلایەکی دیکە لویس ئۆکامپۆس و هاوڕێیانی هێرشی بەردەوامیان دەکردە سەر گۆڵی یاسین بونۆ و نۆربێرتۆ نیتۆ، بەڵام هیچ یەکێک لە هێرشبەران نەیانتوانی گرێی یەکسانبوونی ئەنجامەکە بکەنەوە و یارییەکە بەهەمان ئەنجامی تایمی یەکەم (1-1) کۆتاییهات.

بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکەی ئەمشەو، هەردوو جەمسەری لوتکەی هەفتەی پێنج حەوت خاڵیان کۆکردەوە و بەرشلۆنە لە پلەی پێنجەم و ئیشبیلیە لە پلەی شەشەمی ڕیزبەندی یانەکانی لالیگا جێگیربوون.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. کۆگایەكی تەقەمەنیی هێزەكانی 70 لە تاسڵوجە تەقییەوە

بابەتی دواتر

کامێرا جێگرەکانی تیژڕەوی لە شەقامەکانی سلێمانی دەکەونەوە کار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share