دیاردەیەکی نوێی بازرگانیکردن لە گواستنەوەی یاریزانان سەریهەڵداوە

بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و کەرەنتین و تێکچوونی سیستمی بازرگانیی زۆرینەی یانەکانی ئەوروپا، سەرکێشیی یاریزانانیش زیادیکردووە و گەیشتووەتە ڕادەیەک، زۆرینەیان داوای پارەی زیادە لە یانە داواکارەکانیان دەکەن.

ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بەهۆی قەیرانی دارایی سەردەمی کۆرۆناوە، زۆرینەی یانە گەورەکان سەرکەوتوونەبوون لە پاراستنی هاوسەنگیی دارایی و وەرزشییەوە، تەنانەت چەندین یاریزانی گەورە بۆندەکانیان بەرەو کۆتایی چوون و تاوەکو ئێستا واژوویان لەسەر گرێبەستی نوێ نەکردووە.

ئەوەی سەیرە، یاریزانەکان هەلەکەیان قۆستووەتەوە و بەشێوەیەکی تایبەت و هێندەی بۆندێکی ئاسایی قازانجی داراییان لە یانە داواکارەکانیان بەدەستهێناوە.

بۆنمونە، جۆرجینیۆ ڤایناڵدومی هۆڵەندی، لەپای یاریکردنی بۆ پاریس و جگە لە مووچەی ساڵانە بڕی 10 ملیۆن یورۆی وەک پاداشت لە پاریس سان جێرمان وەرگرتووە، بەهەمان شێوە جیانلویجی دۆنارۆما، لەکاتێکدا ئەم یاریزانانە نرخیان بووەتە بێبەرامبەر و لەڕووی یاساییەوە تەنها پێویستبووە مووچەکانیان تەرخانبکرێت.

سەرچاوەکە نووسیویەتی، کیلیان مباپێ یەکێکی دیکەیە لەو بازرگانانە، کە لەڕێگەی لێپرسراوی کارەکانییەوە سێ جار داوای پارەی لە ڕیاڵ مەدرید کردووە، 40 ملیۆن بۆ خۆی، 10 ملیۆن بۆ باوکی، 20 ملیۆن بۆ مینۆ ڕایۆلای لێپرسراوی کارەکانی، جگە لەوەی داوای مووچەی ساڵانەی بەبڕی 40 ملیۆن کردووە، واتا لەبری گواستنەوەی بێبەرامبەر ڕیاڵ مەدرید ناچارە 60 ملیۆن پێشکەشبکات هاوشێوەی بۆندێکی ئاسایی.

هەروەها چەندین یاریزانی دیکە لەنمونەی پۆل پۆگبا، ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگێر ڕێچکەی یاریزانە بازرگانەکانیان گرتووە.

بابەتی پێشتر

عێراق لە دادگای دادی نێودەوڵەتی سكاڵا لەدژی ئێران تۆماردەكات

بابەتی دواتر

نزیکی دوو ساڵە دیۆکۆڤیچ لە لوتکەدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share