دروزەکان کێن؟ لە سوریای نوێدا چی چاوەڕێیان دەکات؟

لە دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە، شەڕ لە سوریا کۆتایینەهاتووە و ئێستا یەکێک لە خوێناویترین شەڕەکان لە مێژووی ئەو وڵاتەدا لەئارادایە، کە ژمارەی کوژراوان لەو توندوتیژییانەدا، بە زیاتر لە 1000 کەس دەخەمڵێندرێت.

توندوتیژییەکان بوونەتەهۆی دروستبوونی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەکانی حکومەتە کاتییەکەى سوریا و لایەنگرانی دروزەکان، کە بەو هۆیەوە سەدان هاوڵاتی سڤیل کوژراون.

دروزەکان کە سەر بە تایفەی دروزن، ژمارەیان بە نزیکەی دوو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، زۆرترینیان نیشتەجێی پارێزگای سوەیدەن.

دروز سەر بە ئایینە باتنییەکانن، کە هێشتا زۆر شت لەسەریان نازانرێت و بە کۆمەڵگەی داخراو ناسراون، باوەڕیان بە کتێبی نامەکانی حیکمەت هەیە کە بە وتەی خۆیان، تەفسیرێكی باتنی قورئانی پیرۆزە، بەگشتی دروزەکان لە مەزهەبی شیعەوە نزیکن.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، تێکهەڵچوونەکان لەو ناوچانەی کە زۆرینەی دروزیان تێدایە لە سوریا، فراوانتر بووە کە پارێزگاری سوەیدا دەگرێتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گروپە چەکدارەکان و راپۆرتەکانی قوربانیی زیاتر.

شێخ و کەسایەتییە دروزەکانی سوریا، لە وەڵامی رووداوەکاندا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و رەتیانکردەوە بۆ دابەشکردن یان جیابوونەوەیان لە سوریا کاربکەن، بەڵکو جەختیان لەوە کردەوە وەک ئەندامانی ئەو مەزهەبە، بەشێکی دانەبڕاون لە زێدی سوریا.

ئەو دوو لایەنە، نوێنەری ئیدارەی نوێی سوریا و نوێنەرانی پێکهاتەی دروز- لە جەرامانا و سەحنایە گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام بەهۆی بەردەوامی پێکدادانەکانەوە، رێککەوتنەکە ئەنجام نەدرا.

دواتر ئیسرائیل هاتە ناو ململانێکانەوە لە سوریا و بە فڕۆکە، هێرشیکردە سەر ئەو چەکدارانەی ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر دروزەکان لە سەحنایە دەکرد.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە، هۆشداریدا لەوەی ئیسرائیل بە زوویی وەڵام دەداتەوە ئەگەر حکومەتی سوریا نەیتوانی کەمینەی دروزەکان بپارێزێت.

ئیسرائیل بەڵێنەکەی بردەسەر بۆ پاراستنی دروزەکان لە سوریا، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان دروزەکانی ئیسرائیل و دروزەکانی سوریا، بۆیە هێرشیکردە سەر نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سوریا.

لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، لە مانگی کانوونی دووەمی 2024، پرسیاری زۆر سەبارەت بە چارەنووسی ئەم مەزهەبە هاتووەتە ئاراوە.

لێدوانەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە نیازی بەرگریکردن لە دروزەکانی سوریا، لەگەڵ دەستدرێژیی هێزەکانی بۆ ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە، دۆخەکەی بۆ ئەم پێکهاتە زیاتر ئاڵۆز کردووە.

لە پاشخانی پێکدادانەکانی ئێستا و لێدوان لەسەر هێرشی چەکداری پێشووتر بۆ سەر عەلەوییەکان لە کەناراوەکانی سوریا، شێخی دروز و دیارترین کەسایەتی لە سوریا، حیکمەت ئەلحیجری، هەڵوێستی خۆی لەسەر ئیدارەی نوێی سوریا راگەیاند و وتی، ئێمە چیتر متمانەمان بە هیچ لایەنێک نییە کە بانگەشەی حکومەت بوون بکات.

لەئێستاشدا ئەگەرچى دۆخەکە لەنێوان هەردوولا تاڕادەیەک هێوربووەتەوە، بەڵام نازانرێت جارێکى دیکە روو لە پەرەسەندنەوە دەکاتەوە یاخود نا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share